عێراق و توركیا باسی چيیان كرد و لەسەر چی رێك كەوتن؟

:: PM:06:34:22/04/2024 ‌

دوای 13 ساڵ لە دوایین سەردانی بۆ عێراق، ئەمڕۆ دووشەم رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لێ كرا، جیا لە تاوتوێكردن و گفتوگۆكردن لەبارەی چەند پرسێكی گرنگی هاوبەش، چەند رێككەوتن و یاداشتی لێكگەیشتنیان واژوو كرد، گرنگترینیان سەبارەت بە رێگەی پەرەپێدان و ئاو و پەكەكەوە بوو.

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەریەك لە سوودانی و ئەردۆغان سەرپەرشتیی رێوڕەسمی یاداشتێكی لێكگەیشتنی چوارقۆڵیان لە نێوان عێراق و توركیا و قەتەڕ و ئیمارات كرد، بە مەبەستی هاریكاریی هاوبەش لەبارەی پڕۆژەی ستراتیجیی رێگەی پەرەپێدانەوە، ئەوەش بە ئامادەبوونی ئەندامانی شاندی هەردوو وڵات لە وەزیر و راوێژكارەكان.  

روونی كردەوە، لەلایەن عێراقەوە رەزاق محێبس، وەزیری گواستەوە و لەلایەن توركیاوە عەبدولقادر ئۆرال ئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخان واژووی یاداشتەكەیان كرد، لەلایەن قەتەریشەوە جاسم بن سەیف سلێتی، وەزیری گواستنەوە و لەلایەن ئیماراتیشەوە سوهێل محەمەد مەزرووعی، وەزیری وزە و ژێرخان واژوویان لەسەر یاداشتە چوارقۆڵییەكە كرد، بەپێی ئەوەی واژوو كراوە هەر چوار دەوڵەت چوارچێوەیەك بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دادەنێن. 

ئەمڕۆ هەریەك لە سوودانی و ئەردۆغان سەرۆكایەتیی شاندی عێراق و توركیایان لە گفتوگۆكان كرد كە لە كۆشكی حكوومەت لە بەغدا بەڕێوە چوو، لە دانیشتنەكە تاوتوێی رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیجی لە نێوان هەردوو وڵات كرد، كە دەبێتە نەخشەرێگەیەك بۆ بنیاتنانی هاریكارییەكی بەردەوامی ستراتیجی لە نێوان هەردوو وڵات، جیا لە دووپاتكردنەوە لە گرنگیی پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدان لە رووی ئابوورییەوە كە بۆ بەهێزكردنی تەواوكاریی ئابووریی بۆ هەردوولا گرنگە.

هەر لە گفتوگۆكان باسی پەرەپێدانی پێوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكانیان كرد، جیا لە زیادكردنی قەبارەی بازرگانی و هاندانی وەبەرهێنان لەسەر ئاستێكی فەرمی و لە رێگەی لیژنەیەكی هاوبەشی ئابووریی هەردوو وڵات، جیا لە هەوڵدان بۆ كاراكردنی ئەنجوومەنی كاری عێراقی- توركی و كردنی بە سەكۆیەك هەردوولا لەو رێگەیەوە شارەزایی كاری خۆیان ئاڵوگۆڕ بكەن و بەشداری لە بەهێزكردنی هاریكاری و پەرەپێدانی پڕۆژەكان لە هەردوو وڵات بكەن.

هەر لە گفتوگۆكان دووپات لە بەهێزكردنی ئاسایشی هاوبەشی هەردوو وڵات كرایەوە، لەوانە بە رێگەنەدان بەوەی خاكی هەردوو وڵات ببێتە سەرچاوەی هێرشكردنە سەر ئەویتر، هەروەها دووپات لە بوونی پێویستییەكی راستەقینە بۆ دامەزراندنی دامەزراوەیەكی هاوبەشی پیشەسازی عێراقی- توركی لەناو عێراق بە سەرمایەكی هاوبەشی هەردوو وڵات كرایەوە، لەپاڵ كاركردن بۆ ئاسانكاری لە رێوشوێنەكانی پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتییانی عێراق بۆ مەبەستی گەشتیاری و بازرگانی و وەبەرهێنان و چارەسەری و خوێندن لە توركیا.

هەردوولا لەبارەی لەسەر چەند هەنگاوێك بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی هاوبەشی رۆشنبیری بە مەبەستی بەهێزكردنی پێوەندییە كۆمەڵایەتی و مرۆییەكان و پەرەپێدانێكی گشتگیر لە بواری فێركردن و خوێندنی باڵا و ئاڵوگۆڕی خول و دداننان بە زانكۆكانی یەكتر رێك كەوتن، جیا لە دروستكردنی قوتابخانە و ئاڵوگۆڕی رۆشنبیری لە هەموو بوارەكان.

هەر لە كۆبوونەكان رێككەوتن لەسەر هاریكاری لە بواری ئاو و هاوبەشی لەو دۆسیە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵات لە پڕۆژەكانی ژێرخانی ئاودێری و بەڕێوەبردنی سامانی ئاو كرا، جیا لە خستنەڕووی دۆسیەكانی هاوئاهەنگیی هاوبەش سەبارەت بە كشتوكاڵ و كارەبا و لایەنە تەندروستی و وەرزش و لاوانەوە.

ئەمەو بەر لەو گفتوگۆ فرەوانەی ئەمڕۆ دووشەم لە نێوان سوودانی و ئەردۆغان و شاندی هاوەڵیان هاتە سازكردن، هەردوو سەرۆك و سەرۆك وەزیران كۆبوونەوەی دووقۆڵیان هەبوو، كە تیایدا باسی چەند پرسێكی گرینگ لای هەردوولای تیادا كرا، بە گشتی باسی پەرەپێدانی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاكان، بەتایبەتی لە دۆسیە گرنگەكان و چۆنیەتی پێشخستنی كرا، ئەوان باسی رووداوەكانی ناوچەكەیان كرد و دووپاتیان لە گرنگیی هاوئاهەنگی لە هەڵوێستەكانیان بۆ رێگرتن لە فرەوانبوونی لێكەوتەكانی شەڕی غەزە بۆ تەواوی ناوچەكە كردەوە. 

ئەگەرچی نووسینگەی سوودانی باسی رێككەوتنی تەناهیی نێوان عێراق و توركیای نەكرد، بەڵام ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەل سەرۆكی توركیا دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی پاڵپشتیی لە بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە دەكات و ئاسایشی عێراق و توركیا یەك بەشە و جیا نابێتەوە، بە پشتبەستن بە دەستوور رێگە بە هیچ هێزێك نادەن خاكی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەكاربێنێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل