چاودێرێكی سیاسی: كە پارتی دەڵێت بەشداری هەڵبژاردن ناكەم واتە مەترسییەكی گەورە هەیە

:: PM:09:44:22/04/2024 ‌

كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت بەو شێوەی ئێستە بەشداری لە هەڵبژاردن ناكەین، واتە مەترسییەك لەسەر هەرێم هەیە و دەستوەردانی دەرەكی لە هەڵبژاردن بە ئاراستەی دیاریكردنی سیاسەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان دەكرێت، هەوڵی ژێردەستەكردنی هەرێم و دانانی نەخشەیەك لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمی دەدرێت.

ئاراستەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، كە لەلایەن كۆمسیۆنی عێراق و وڵاتانی ترەوە بەڕێوە دەچێت، پێشوەختە نەخشەیەكی بۆ كێشراوە و هەموو پیلانەكانیش بە ئاراستەی دژایەتیی پارتییە، بۆیە ئەو حزبە بڕیاری داوە نەچێتە ناو پرۆسەكەوە و مەترسیی پلانەكەی لەسەر كوردستان راگەیاندووە، كە بەو دەستوەردانە كاریگەری لەسەر سیاسەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان دەبێت.

لەوبارەوە كاوە فەتحوڵا، مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی گوت، ئەو هەوڵبژاردنەی كە بڕیاری لەبارەوە دراوە، زۆر روون و ئاشكرا دیارە خزمەت بە لایەنێك دەكات و لە بەرژەوەندی و بە بەرنامەی چەند لایەنێك دانراوە، ئەنجامەكەشی بۆ ئەوانەیە كە دەستوەردانیان لەوە كردووە و دەیانەوێ هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی بچووك بكەنەوە و لە قاڵبی بدەن، لە پێگە و قەوارەی هەرێمی كوردستان بدەن و پارتی لەوەدا كراوەتەوە ئامانج، بۆ ئەوەی كار بۆ بچووككردنەوەی بكەن.

باسی لەوەش كرد، سەرۆك بارزانی هەر لە سەرەتاوە قسەی خۆی لەسەر هەڵبژاردن كردووە و پارتی ئامادە نییە بەو شێوەیە بچێتە هەڵبژاردنەوە، كە نەخشەی بۆ كێشراوە، هەرێمی كوردستان دەستورییە و یاساییە و هیچ لایەنێك بۆی نییە بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی كوردستان بدات، بەڵام ئەوەی ئێستە بە دەستوەردان كراوە، ئامانج ئەوەیە هەرێمی كوردستان لە قاڵب بدەن و بچووكی بكەنەوە و بیخەنە ژێر ركێفی خۆیان، ئەمە گەلەكۆمەیەكی هەرێمییە لەسەر هەرێمی كوردستان و نەیار و دوژمنان ئەو كارە دژی هەرێم دەكەن.

لای خۆیەوە رێبوار كەلاری، كادری پێشكەوتووی پارتی بە "وشە"ی راگەیاند، پارتی هەمیشە بەرنامەی نەتەوەیی هەبووە و كاری نەتەوەیی كردووە، لە كوێ مەترسی لەسەر كوردستان و خەڵكی كوردستان هەبێت، پارتی رێگریی دەكات و ستۆپ بە نەیار و دوژمنان دەكات، ئەو حزبە هەر لە سەرەتاوە بوونی مەترسی لەسەر هەڵبژاردن و داهاتووی هەرێمی كوردستان راگەیاند، بەهۆی ئەو بەناو هەڵبژاردنەی كە بڕیاری لەسەر دراوە، بۆیە دەبێت هەموو كەس لەو مەترسییە بگات، نەك بە پێچەوانەوە كەسان و لایەنێك پێیان وابێت هەڵبژاردن بەو شێوەیە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانە.

دووپاتی كردەوە، ئەوەی ئێستە پارتی دەیكات لە بەرانبەر ئەو هەوڵە ناوخۆیی و دەرەكییەی كە لەسەر هەرێم هەیە، رەتكردنەوەی ئەوەیە هەرێمی كوردستان خاوەن دەسەڵات و قەوارەی خۆیەتی و نابێت هیچ دەستوەردانێك بكرێت، كە ئەجیندای دەرەكی بڕیار لەسەر كاروباری هەرێم و سیاسەت و داڕشتنی نەخشەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بدات.

پێوەست بەو پرسە تەحسین محەمەد، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، عێراق لەوەتەی هەیە دژایەتیی هەرێمی كوردستانی كردووە، ئێستەش هەڵبژاردنێك رۆیشتبێتە ژێر دەستی عێراق و عێراقیش خۆی لەژێر هەژموونی دەوروبەردایە، بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردن و ئەنجامەكەشی دیارە كە چی دەبێت، بۆیە باشترین هەنگاو كە كراوە، پارتی دەڵێت بەشداری ناكەم و باسی لە مەترسییەكەش كردووە، ئەگینا ئەو حزبە نە لە هەڵبژاردن دەترسێت و نە بیانووش دێنێتەوە، هەمووانیش دەزانن كە لە رابردوو بە بەردەوام داوای هەڵبژاردنی كردووە.
 
وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل