كۆكاكۆلا و پیپسی تۆمەتباری سەرەكیی پیسبوونی ژینگەن

:: PM:05:54:25/04/2024 ‌

پلاستیك و نایلۆنی دەبە و خواردنەكانی ڕۆژانە، خەریكە ئیدی زەوی دەكەنە هەسارەیەك بە كەڵكی ژیان نەمێنێت. بەپێی توێژینەوەیەك، تۆمەتباری سەرەكیی بڵاوكردنەوەی پلاستیك، كۆكاكۆلا و پیپسییە.

ساڵانە زیاتر لە 400 ملیۆن تۆن پلاستیك بەكار دێت و زۆربەشی فڕێ دەدرێتە سەر شەقام، ئیدی یان ڕێڕەوی ئاوەڕۆ دەگرن، یان دەچنە ناو ڕووبار و دەریاكانەوە و پیسی دەكەن، هەندێكیشی دەبنە پارچەی وردی نانۆیی كە لە ڕێی هەواوە دەچنە ناو سییەكان و دەمارەكانی خوێنمانەوە.

ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست" بڵاوی كردەوە، هەندێك جار ڕوون نییە ئەو پلاستیكانە لەلایەن چ كۆمپانیایەكەوە بەرهەم هاتوون، بەڵام زانایان توانیویانە ئەوەیان دەست بكەوێت كە بەشدارییە سەرەكییەكان یان باشترە بڵێین تۆمەتبارە بنەڕەتییەكانی بڵاوبوونەوەی پلاستیك لە جیهاندا، بریتین لە چەند كۆمپانیایەك كە لە هەموو وڵاتاندا لقیان هەیە، لە پێش هەمووشیانەوە كۆكاكۆلا كە ڕێژەی 11%ی هەموو ئەو پلاستیك و نایلۆنانە دەگرێتەوە كە لەسەر شەقامەكاندا فڕێ دەدرێن.

لە توێژینەوەیەكدا كە گۆڤاری "Science Advances"ـی زانستی بڵاوی كردووەتەوە و واشنتن پۆست لەوی وەرگرتووە، 100 هەزار خۆبەخش توانیویانە زیاتر لە ملیۆنێك و 800 هەزار پارچە پلاستیك بدۆزنەوە كە زیاتر لە نیوەیان بۆ 56 كۆمپانیای جیهانی دەگەڕێنەوە، لەناویاندا كۆكاكۆلا پشتی شێری بەر دەكەوێت. پاشان كۆمپانیای پیپسی دێت، ئینجا نەستەلە و دانۆ.


وشە - عەبدوڵا عومەر