زیاتر لە 230 ملیۆن كچ ئەندامی مێیینەیان شێوێنراوە

:: PM:06:12:25/04/2024 ‌

بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی جیهانیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ منداڵان (یونیسێف)، زیاتر لە 230 ملیۆن كچ لە جیهاندا، بەهۆی نەریتە جیاوازەكانەوە ئەندامی مێیینەیان شێوێندراوە، ئەمەش واتە بەرزبوونەوەی زیاتر لە 15% بە بەراورد بە ڕاپۆرتی پێشترى ڕێكخراوەكە كە پێش هەشت ساڵ بڵاویان كردبووەوە.

خەتەنەی كچان كە بریتییە لە شێواندنی ئەندامی مێیینە، جۆری زۆرە و خراپترینیان ئەو جۆرەیە كە لە ئەفەریقا دەكرێت، كە بە تەواوی پارچەیەكی لێ دەكەنەوە، ئەو پارچەیەی پێوەستە بە هەستەوەریی سێكسییەوە، ئەمەش واتە لەو هەستە بە تەواوی یان نیمچەیی دادەماڵرێ و تا ئێستەیش بەردەوامە، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا 144 ملیۆن كچ بەو نەریتە ئەم ئەندامەیان شێوێنراوە. پاشان وڵاتانی ئاسیا دێت كە شێوەی خەتەنەكەیان باشترە، بەڵام هەر شێواندنی ئەندامی مێیینەیە و زیاتر لە 80 ملیۆن كچ بوونەتە قوربانی. لە وڵاتانی ئیسلامی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، شەش ملیۆن كچ خەتەنە كراون. 

خەتەنەی كچان، جگە لە ئازارێكی زۆر و خوێنڕژان و شڵەژانی جەستەیی و دەروونی بۆ ماوەیەكی زۆر، ڕەنگە ببێتە هۆی نەزۆكی و نەخۆشیی تر كە لە داهاتووی تەمەنیاندا دەردەكەوێت.

وەك لە ڕاپۆرتەكەی یونیسێفدا هاتووە، هێشتا عێراق لە ڕیزی وڵاتە دواكەوتووەكان هەژمار دەكرێت و پلەی 25ی وەرگرتووە لەسەر ئاستی جیهان كە زۆرترین خەتەنەی كچانی لێ دەكرێت، بەڵام هێشتا لەچاو سۆماڵ، جیبۆتی، میسر، سوودان و یەمەن باشترە. بە تەنیا عێراق 7%ی كۆی خەتەنەی كچانی لەسەر ئاستی جیهان بەركەوتووە.


وشە - عەبدوڵا عومەر