ژنێك چیرۆكی خۆی بۆ "وشە" دەگێڕێتەوە كە پیاوەكەی خۆی و سێ‌ منداڵی جێهێشتووە

:: PM:06:35:25/04/2024 ‌
لە كافتریایەكی سلێمانی، بە بێدەنگی دانیشتبوو، لە مۆبایلەكەیدا كردبووی بەو گۆرانییەی عەباسی كەمەندی كە دەڵێ‌ "ئەم ماڵە هەژاریمە بەسەرما نەڕوخێنی نەتۆرێ‌، سەر لە خۆم و لە ماڵ و مناڵم نەشوێنی نەتۆرێ"، پێدەچوو ماوەیەكی زۆر نەبێت گەیشتبێتە ئەو شوێنە كە بڕیاربوو لەگەڵ نێردراوی "وشە" یەكتر ببینێ‌.

نەوا، ژنێكی دانیشتووی سلێمانییە، تەمەنی سەرووی 32 بۆ 33 ساڵێك دەبێت، لەنێو ئەو هەزاران چیرۆكەدایە كە هاوسەرەكەی خیانەتی لێ‌ كردووە و ئێستە ماڵەكەیان بەسەردا ڕووخاوە. 

چیرۆكی نەوا لەوەوە گەیشتە دەستی "وشە" كاتێك لە یوتیووبدا كۆمێنتی بۆ گۆرانییەكی عەباسی كەمەندی نووسیبوو، بەشێك لە چیرۆكی خۆی لەوێ‌ وەشان كردبوو، بەڵام ئەوەی هەڵدەگرت بەدواداچوونی بۆ بكرێ‌. دوای ئەوەی رازی بوو بەوەی چیرۆكەكەی خۆی بۆ "وشە" باس بكات، بڕیاردرا هەموو وردەكارییەك بڵێ‌.

نەوا دەڵێ‌، ماوەیەكی زۆر بوو هەستی بەوە كردبوو كە هاوسەرەكەی مامەڵەی لەگەڵیدا خراپ بووە، دواجار گەیشتە ئەوەی ماڵ و منداڵەكەی جێبهێڵێت و هاوسەرەكەی كەوتە دوای ژنێكی تر كە بە قسەی نەوا تەمەنی دایكی هەیە.

ئەو گوتی، دوای نزیكەی هەشت ساڵ هاوسەرگیری و خۆشەویستی زۆر و ژیانێكی شاهانە، "هاوسەرەكەم جێی هێشتم"، بەبێ‌ ئەوەی هیچ بیانوویەكی بڕواهێنەری هەبێت. 

بەگوێرەی نیشانەكانی روخسارى نەوا، لەوە نەدەچوو لەو خاتوونانە بێت كە بەردەوام ڕوو لە كافتریا و شوێنە گشتییەكان بكات، خۆیشی لە قسەكانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە ژیانی تەرخان كردووە بۆ منداڵەكانی چونكە سێ‌ منداڵی هەیە. 

ئەو رانەهاتبوو لەسەر ئەوەی داواكاری چی پێشكەشی ئەو كافتریایە بكات كە لێی دانیشتبوو، بۆیە تەنیا گوتی، چایەكی تاڵ دەخواتەوە. 

نەوا لە چاوەكانیدا شتی شاراوەی زۆر هەڵگرتبوو، هێشتا بە متمانەوە نەیدەویست قسە بكات و دەیگوت، زۆر نهێنی هاوسەرەكەم (د.ن) هەیە، بەڵام لەبەر ماڵی باوكی هەردوولامان شاردوومەتەوە، چونكە پێموایە كە ژیانی ئەو ژیانی منە و ناكرێ‌ نهێنییەكان باس بكەم.

ئەو دووپاتی لەوە كردەوە كە نزیكەی هەشت ساڵە هاوسەرگیری كردووە، سێ‌ منداڵی هەیە، هاوسەرەكەى خیانەتی كردووە و لەگەڵ ژنێكی تر كە تەمەنی دایكی هەیە پێوەندی هەیە و بەدوای ئەو كەوتووە. 

نەوا پەیامی بۆ هاوسەرەكەی نارد و گوتی، دڵنیای دەكەمەوە هەموو تەمەنی ئەو ژنە كۆ بكاتەوە قەرەبووی شەوێك خۆشەویستی منی بۆ ناكاتەوە، بەڵام ئیتر تازە بگەڕێتەوەیش لای من و منداڵەكانم قبووڵ كراو نییە. 

لەگەڵ ئەوەی رووداوەكە نوێیە و چەندان كەس كەوتوونە نێوان ئەو دوو هاوسەرە، بەڵام نە پیاوەكە تا ئێستە گەڕاوەتەوە و نە نەوایش دڵی ئۆقرە دەگرێت. 

ئەو بە چاوێكی پڕ فرمێسكەوە گوتی، زۆر جار دەیانگوت پیاو سەیرە و هی هەموو متمانەیەك نییە، بەڵام من هەرگیز باوەڕم بەوە نەدەكرد، ئێستەیش دەمەوێ ژیانی خۆم و منداڵەكانم رێك بخەمەوە و رۆژی یەكشەمی داهاتوو داوای جیابوونەوە تۆمار بكەم.


وشە - وشه‌