چاودێرێكی سیاسی: ئەوەی پەكەكە لە بەرانبەر كورد دەیكات دوژمنانی كوردیش ناتوانن بیكەن

:: PM:10:04:27/04/2024 ‌

پەكەكە و گرووپە چەكدارەكانی لە سووریا بەناوی جیاوازەوە بەڕێوەیان دەبات، بوونەتە مەترسیی گەورە بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و خەڵكی ناوچەكە، بەهۆی پەكەكەوە كوردێكی زۆری رۆژئاوای كوردستان بێ ماڵ و حاڵ بوون و ئاوارەی شوێنی تر بوون، ئەوەش لە ئەنجامی كارە تێكدەرەكانی ئەو گرووپەیە كە لە رۆژئاوای كوردستان ئەنجامی دەدەن، ئامانجەكەش ئەوەیە كورد لە ناوچەكە نەمێنێت.

ئێستە پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان دەستی داوەتە كارێكی مەترسیدار، كە رەنگە لە داهاتوودا كاریگەریی خراپی بۆ سەر دۆزی كورد لە ناوچەكە هەبێت، لەوانە سووتاندنی بارەگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا و ئاڵای كوردستان و تێكدانی دۆخی تەناهیی ناوچەكە، ئەوەش پێچەوانەی ئەو بەرنامەیە كە ئەمەریكا بۆ رۆژئاوای كوردستانی داناوە، بۆیە رەنگە لە داهاتوودا ئەمەریكا بڕیاری پێچەوانە و دژی خواست و دۆزی كورد لە رۆژئاوا بدات و سەرئەنجام پەكەكە هۆكارە.

لەوبارەوە ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە كارێكی ناڕەوای بەرانبەر بە كوردی رۆژئاوای كوردستان كرد، ئەوەی كردی لە هیچ بەرنامەیەكی كورد جێی نابێتەوە، پەكەكە بەتەواوی دژایەتیی خۆی بۆ كورد نیشان دا و خۆی یەكلا كردەوە، دەڵێت ئێمە كوردین و خەبات بۆ كورد دەكەین، بەڵام سووتاندنی بارەگەی لایەنە كوردییەكان لە چوارچێوەی دژایەتیكردنی كوردستانە، لەوكاتەی پەكەكە مافی نییە ئەوە بكات، كە دەشی كات بە دوای شەڕی براكوژییە.

زیاتر گوتی، چەندین ساڵە دۆخی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بەهۆی پەكەكە لە مەترسیدایە، ژیانیان لە مەینەتی و ئازاردایە، بووەتە هۆكاری ئەوەی كە كوردانی رۆژئاوا ئاوارە بن و لە شوێنی خۆیان هەڵبێن و روو بكەنە ناوچەكانی تر، ئەوەش ئامانجی پەكەكەیە تا رۆژئاوای كوردستان كوردی تیا نەمێنێت و ئەو پیلانەی كە بۆیان دانراوە جێبەجێی بكەن، پەكەكە دەیەوێت دەست بەسەر كوردستانی سووریا بگرێت و ئەوەی خۆی مەبەستیەتی ئەنجامی بدات، بۆیە ناوچە كوردییەكانی كردووە بە وێرانە و ئەمە پێڕە و بەرنامەی ئەو گرووپەیە.

ئەو پەرلەمانتارە پێشووە باسی لەوەش كرد، پەكەكە لەسەر ئاستی دەرەوەش دژایەتیی خۆی بۆ كورد دەپات كردووەتەوە و هەموو كارێك دەكات كە دژی كورد بێت و هیچ خزمەتێك بە دۆزی كورد لە ناوچەكە ناكات، پەكەكە بە تەواوی خۆی یەكلا كردووەتەوە بۆ ئەوەی كورد پێش نەكەوێت، هەر كاتێكیش ببینێت كورد لە پێشكەوتنە، كارێك دەكات لە دژی بێت، كوردن، بەڵام خۆیان لە دژایەتیی كورد دەبیننەوە.

لای خۆیەوە رێبوار كەلاری، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، ئەوەی پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان دەیكات كارێكە دژایەتیی كوردە و هەمان پیلانی دوژمنانە دژی كورد جێبەجێی دەكات، بۆیە ئەوەی پەكەكە لە بەرانبەر كورد دەیكات دوژمنانی كوردیش ناتوانن بیكەن، پەكەكە كارە ناتەواوەكەی نەیاران تەواو دەكات، ئەوان خۆیان بە كورد دەزانن، بەڵام دژی هەموو خواست و كار و بەرنامە و دۆزی كوردن، هەموو شتێك دەكەن لە پێناو ئەوەی كورد بێ دەسەڵات بمێنێتەوە.

پەكەكە بە مێژووی خۆی شتێك نییە لە بەرژەوەندی كورد و كوردستان بێت، هەركات بزانێت پرسی كورد لە دنیا بەرەو پێش دەچێت، دەست بە دژایەتی كورد دەكاتەوە، پەكەكە نایەوێ ئەوە قبووڵ بكات كە سەرۆكی یەكێك لە وڵاتەی بەهێزەكانی ناتۆ بێتە هەرێمی كوردستان و ددان بە هەرێمی كوردستاندت بنێت و لەژێر ئاڵای كوردستان دانیشێت، بۆیە ئەگەر پەكەكە راست دەكات فەرموو بزانین لە باكوری كوردستان چی كردووە، ئەگەر یەك بستی باكوری لە دەستە بە ئێمە بڵێین راست دەكا و خەبات بۆ كورد و كوردستان دەكات، ئەوەی پەكەكە لە رۆژئاوا كردی ئەو پەڕی بێئەخلاقیی ئەو گرووپەیە و مێژووی پەكەكە هەمووی خیانەتە و دژایەتی كورد و كوردستانە.

پێوەست بەو بابەتە جدان عەلی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا لە هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە بە تەواوی دۆخی رۆژئاوای كوردستانی خستووەتە مەترسییەوە و دۆخێكی ناهەمواری دروست كردووە، ئەوەی پەكەكە دەیكات بەتەواوی دژایەتیكردنی كوردە، بەهۆی پەكەكەوە كوردی ناوچەكەوە رووبەڕووی دۆخێكی مەترسیدار بووەتەوە، سووتاندنی بارەگەی هێزە كوردییەكان لە رۆژئاوا لەلایەن پەكەكەوە لە درێژەی ئەو هەوڵانەیە كە پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان دەیكات.

وشە/ تایبەت 


وشە - تایبه‌ت