بە ڤیدیۆ.. شێخی ئەزهەر: نیقاب نە فەرزە و نە سونەتە بەڵكو جوانكارییە

:: PM:10:54:13/05/2024 ‌
شێخی ئەزهەر لە میسر لە یەكێك لە فتواكانیدا روونی دەكاتەوە، نیقاب كردن لە ئیسلامدا نە واجبە و نە سونەتە و پێشنیاریش نەكراوە، بەڵكو دەچێتە خانەی جوانكارییەوە.

 لە یەكێك لە فتواكانیدا كە لەمیانی پڕۆگرامێكی تەلەفزیۆنیدا روونی دەكاتەوە، دكتۆر ئەحمەد تەیب شێخی ئەزهەر روونی کردووەتەوە %99ی زانایانی ئیسلام كۆكن لەسەر ئەوەی كە نیقابكردن لە ئیسلامدا نە واجبە و نە سونەتە، پێشنیاریش نەكراوە بكرێ و هاوكات ئاماژەیش دەكات كە پۆشینیشی نابێتە سەرپێچی كردن لە ئاین و بە گوناح بۆی هەژمار ناكرێت. 

لە چاوپێكەوتنە تەلەفزیۆنییەكەدا شێخی ئەزهەر زیاتر روونی دەكاتەوە، ئەگەر ئافرەتێكی مسوڵمان نیقابی پۆشی، ناكرێ بڵێ بەهۆی دینەكەمەوە پۆشیومە، چونكە لە ئایندا فەرز نەكراوە و لە سونەتەكانیشدا باس نەكراوە، ئاماژەیش بەوە دەدات كە پۆشینی نیقاب زیاتر دەچێتە خانەی جوانكارییەوە نەك بەجێهێنانی سونەت یا فەرزێك.

 ئەم بەدواداچوونەی "وشە" كە بۆ چاوپێكەوتنەكەی شێخی ئەزهەر كردوویەتی، دوای ئەوەی دێت دوێنی لە زانكۆی زاخۆ ژمارەیەك لە قوتابی رێگرییان لێ كرا بچنە تاقیكردنەوەكان، چونكە بەهیچ شێوەیەك ئامادە نەبوون نیقابەكەیان لابەن، ئەمەیش بووەتە كێشە بۆ زانكۆ كە نازانرێت ئەو كەسەی دێ بۆ تاقیكردنەوە هەمان كەسە یان كەسێكی ترە.

لێرە كلیك بكە بۆ بینینی ڤیدیۆكە..



وشە - پۆڵا مەحموود