تەنیا چای ڕەش مەخۆنەوە.. دەتوانی ڕۆژانە چەندان جۆری تر چا بخۆیتەوە

:: AM:08:52:14/05/2024 ‌
پزیشكێكی گیادەرمانە سروشتییەكان رای گەیاند، چای رەش مەكەن بە سەرچاوەی چای رۆژانەتان، بەڵكو چای تر هەیە بیخۆنەوە و سوودیان هەیە.

ئەمڕۆ سێشەم 14ـی ئایار، بەدر قادر سوورچی پزیشكی گیادەرمانە سروشتییەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، چایە گیادەرمانییەكان گەوهەرێكە كە سوودەكانی زۆر ناژمێرێت، بۆیە با چایەكانمان بكەین بە دەرمان بۆ تەندروستیمان.

باسی لەوەش كرد، چایە گیادەرمانییەكان وەك چای سەوز و میرمیە و زەنجیل و لیمۆ و نەعناع و پون و دارچین و چای بابونج (بەیبوون) و ڕۆزماری و شاڕەیحانە و كجرات و گەلای گێوژ و ڕازیانە و مەلیسە و جنكۆ و پاسیفلۆرا .. چەندان جۆر چای تر هەن.

زیاتر گوتی، دەتوانن بەشێوەی چای سەفەری بكڕن لە ماركێتەكان یان بەگیا بكڕن لەلای گیادەرمانەكان، بەو مەرجەی ئاگاداری پاك و خاوێنی بن، خۆتان بیكەنە چای و ڕۆژانە مەرج نییە هەموو جۆرەكان بخۆن، ماوە ماوە دوو جۆر بكڕن و بیگۆڕن.

چەندان جۆرە پێكهاتەی بەسوودی تێدایە كە ڕۆڵی دەرمانێكی سروشتی دەگێڕن بۆ نەخۆشییەكانتان:-
- بۆ بەهێزكردنی مێشك
- بۆ ڕێكخستنی خەو
- بۆ نەمانی سترێس
- بۆ بەهێزكردنی بەرگریی لەش
- بۆ پاككردنەوەی مادە ژەهراوییەكان
- لەناوبردنی خانەكانی شێرپەنجە
- بۆ چارەسەری گەدە و قۆڵۆن
- بۆ نەمانی هەوكردن بەگشتی
لەگەڵ چەندان سوودی تر.


وشە - رامیار جەواد