ئەمڕۆ رۆژی زمانی كوردییە.. جەلادەت عالی بەدرخان 92 ساڵ بەرلە ئەمڕۆ گۆڤاری "هاوار"ی دەركرد

:: AM:09:22:15/05/2024 ‌
15 ئایار ڕۆژی زمانی كوردییە، لەم ڕۆژەدا لە ساڵی 1932 یەكەمین ژمارەی گۆڤاری "هاوار" بە دەستی جەلادەت عالی بەدرخان لە دیمەشقی پایتەختی سووریا بڵاو كرایەوە. دواتر لە ساڵی 1954 یەكەمین ژمارەی گۆڤاری "هەتاو" لە هەولێر لەم ڕۆژەدا دەركرا و لە ساڵی 1963یش گۆڤاری "ڕۆژا نوێ" هەر لەم رۆژەدا لە ئیستامبوڵ یەكەمین ژمارەی بڵاو كرایەوە.

ماڵباتی بەدرخانییەكان رۆڵێكی زۆریان هەبووە لە دروستبوونی ڕاگەیاندنی كوردی، هەر ئەوان سەرمەشقی ئەم بوارەن، رۆژی زمانی كوردیش بۆ هەوڵە گەورەكەی جەلادەت عالی بەدرخان دەگەڕێتەوە كە بەهۆی رێگریكردن لە فەوتانی زمانی كوردی، رێگرییان لە فەوتانی نەتەوەیەك كرد.

بەم بۆنەیەوە د. بەختیار سەجادی كە نووسەرێكی دیاری كوردە، گوتارێكی لەژێر ناوی "یانزە وردە سەرنج لەسەر ڕۆژی زمانی كوردی" نووسیوە و تێیدا دەڵێت، ڕۆژی زمانی كوردی لە ساڵنامەی فەرمیی ئێراندا، وەك ڕۆژی بەرزڕاگرتنی زمانی فارسی دیاری كراوە. فێردەوسی پاش 30 ساڵ كاركردن لەسەر شانامە، لە 25ی گوڵانی هەتاویدا كە ڕێكەوتە لەگەڵ 15ی مەی، لە نووسینی شانامە بووەوە.

لە 21ی شوبات كە ڕۆژی زمانی دایكە، هاوكاتە لەگەڵ كۆچی دوایی كۆڵەكە كاریگەرەكەی زمانی كوردی مامۆستا هەژار. لە ڕۆژی زمانی دایكدا باوكی زمانیی زۆر نووسەری كورد ماڵئاوایی كرد.

سەجادی دەڵێت، "ڕۆژی زمانی كوردی" دەگەڕێتەوە بۆ دەرچوونی یەكەم ژمارەی گۆڤاری "هاوار". پێوەندیی جەلادەت عالی بەدرخان بە كوردەوە دەڵێی پێوەندیی باوك و منداڵەكانیەتی؛ خۆشەویستی تێدایە، تۆران و تووڕەبوون و تەنانەت دابڕانیشی تێدایە. من پێم وایە جەلادەت خزمەتی زمانی كوردیی كردووە؛ نووسەری كوردیشمان هەیە ڕەخنەی توندی ئاراستە كردووە. ئەم دژوازییەم بۆ چارەسەر بكەن، جەلادەت و گۆڤاری "هاوار"م خۆش دەوێ، بەڵام یەكەم چركەساتی دروستبوونی "سەرئەگەنا" لە زەینی مرۆڤی كورددا دەگەڕێتەوە بۆ دەرچوونی یەكەم ژمارەی گۆڤاری هاوار. 

شۆڕشی بەدرخان 1847 كۆتایی پێ هێنرا. ئەمین عەلی كە كوڕی بەدرخان بەگ و باوكی جەلادەتە، لە ئیستانبوڵ قوتابیی حاجی قادر بوو. كوڕ و كوڕەزای بەدرخان بەگ، مەم و زینیان بە حاجی ناساند. باوكی ڕۆحیی هەموویان ئەحمەدی خانی بوو، هەموویان بە خانیشەوە، سەوداسەری زمانی "دایكی" بوون.

د. بەختیار ئاماژە بەوەش دەكات، حاجی قادر یەكەم ناوەندینووسێكە سەرواتای بەشێكی زۆری نووسینەكانی لە بنواتای نیشتمانپەروەرانە پێكهاتووە. یەكەم چاپەمەنی و تەنیا چاپەمەنی كە هەواڵی مەرگی حاجیی بڵاو كردەوە، ئەو ڕۆژنامەیە بوو كە قوتابییەكانی دواتر بە كوردیی سەروو دەریانكرد.

بەختیار باس لەوەش دەكات،  دۆخی زمانی كوردی لە ڕووی ئامادەبوونی چالاكی زارەكانەوە، لە دۆخی زمانی ئیتاڵی بەر لە دانتێ دەچێت. پێش دانتێ چەندان زاری سەرەكی لە ئیتاڵیا هەبوون. دانتێ "كۆمیدیای یەزدانی"ی بە شێوەزاری ناوچەی تۆسكان نووسی كە ناوی نابوو "ئیتاڵی". ئەمەش دواتر بوو بە بنەما بۆ ئەو زمانەی ئێستە ناوی ئیتاڵییە. دانتێ لە مانگی مەیدا لە دایك بووە، هەندێ سەرچاوە دەڵێن 15ی مانگ بوو.



وشە - سۆران عەزیز