ئەو راگرەی ڤیدیۆ سێكسییەكانی بڵاو بووەوە 15 ساڵ دەگیرێت

:: PM:07:18:19/05/2024 ‌

دوای ئەوەی لە مانگی ئازاری رابردوو سۆشیال میدیای عێراق سەرنجی خستە سەر چەند وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی سێكسی كە لە نووسینگەی راگری كۆلێجی كۆمپیۆتەر لە زانكۆی بەسرە ئەنجام دراوە، ئەوكات راگرەكە لەكار لادرا و گیرا و دەست بە لێكۆڵینەوە كرا، ئەمڕۆ دادگەیەكی بەسرە سزای گرتنی 15 ساڵی بۆ ئەو راگرە بڕیەوە.

لە 21ی ئاداری رابردوو، وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق لە نووسراوێكی عیماد شەعلان شاوی، راگری كۆلێجی كۆمپیۆتەری زانكۆی بەسرەی دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەكی سێكسی لە نووسینگەكەی دەركرد، ئەو رووداوەی پەردەی لەسەر سوودبینین و بەكارهێنانی قوتابیانی كچی بەرانبەر بە پیدانی نمرە و دەرچوون لە وانەكان ئاشكرا كرد.  

ئەمڕۆ دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەسرە سزای 15 ساڵ گرتنی بۆ ئەو راگرە بەهۆی ئەنجامدانی كاری نەشیاو دەركرد، كە لە 22ی ئادارەوە بۆ لێكۆڵینەوە گیراوە.

بەپێی نووسراوێكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریش، ئەمڕۆ دادگای تاوانەكانی بەسرە بڕیاری گرتنی 15 ساڵی بۆ راگری كۆلێجی كۆمپیۆتەر لە زانكۆی بەسرە دەركرد، ئەوەش بەهۆی ئەنجامدانی كاری نەشیاو و دژ بە ئادابی گشتی و رەفتار و هەڵسوكەوتی مامۆستایانی زانكۆ.    





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل