دیسان نرخی مریشك هەرزان بوو.. داوای جێگیركردنی نرخەكەی دەكرێت

:: PM:09:37:19/05/2024 ‌

دابەزینی بەردەوامی نرخی مریشك زیانی بە خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان گەیاندووە و ئەوان باس لەوە دەكەن كە ئێستە تێچووی بەرهەمهێنانی كیلۆیەك مریشك زیاترە لەو نرخەی كە دەخرێتە بازاڕەوە، ئەوەش وای كردووە رووبەڕووی زیانێكی زۆر ببنەوە، هەر خاوەن كێڵگەیەكیش بەپێی گەورە و بچووكیی هۆڵەكەی تووشی زیان بووە.

ماوەی دوو هەفتەیە نرخی مریشك لە بازاڕەكان هەرزان بووە، ئەو هەرزانبوونەش بەهۆی زۆری مریشكەوەیە، هاوكات كەمبوونەوەی داواكاریی لەسەر مریشك لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق، ئەوەش وای كردووە زیاتر لە ناوخۆی هەرێم ساغ بكرێتەوە و بەو هۆیەوە نرخەكەی زیاتر دابەزێت، خاوەن كێڵگەیەكیش دووپاتی كردەوە كە ئێستە تەواوی خاوەن كێڵگەكان لە زیاندان.

فەرمان غەریب، خاوەنی كێڵگەیەكی پەلەوەر لە سلێمانی بە "وشە"ی گوت، لەم كاتەدا دوو هۆكار هەیە بۆ هەرزانبوونی نرخی مریشك، یەكەم كەمبوونەوەی داواكاری لەسەر مریشك لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق، چونكە بەشێكی ئەو مریشكەی لە هەرێم بەرهەم دێت بۆ ئەوێ دەڕوات، كاتێك ئەوان خواستیان لەسەر كەم دەبێتەوە، دەبێت لە ناوخۆ ساغ بكرێتەوە، لەو حاڵەتەشدا مریشك زۆر دەبێت و خستنەڕووی لە خواست زیاتر دەبێت، ئەوەش نرخ هەرزان دەكات.

زیاتر گوتی، هۆكارێكی تری دابەزینی نرخی مریشك ئەوەیە هەر كاتێك خاوەن كێڵگەكان پێكەوە جووجك داغڵ بكەن، پێكەوە پێ دەگەن و وا دەكات مریشكێكی زۆر بەرهەم بهێت، لەو حاڵەتەشدا دیسانەوە خستنەڕوو لە خواست زیاتر دەبێت و ئەوەش نرخ هەرزان دەكات، ئەو هەرزانبوونەش زیانی زۆری بۆ خاوەن كێڵگەكان هەیە و تووشی زیانیان دەكات، بەتایبەتی لەو كاتەدا كە مریشك زۆر هەرزان بووە.

غەرەیب روونی دەكاتەوە، لە هاویندا یەك كیلۆ مریشك لەسەر خاوەن كێڵگەكان 2500 دینار دەكەوێت، ئێستە كە كیلۆی مریشك لە دوو هەزار دیناردایە، كەواتە بۆ هەر كیلۆیەك 500 دینار زیانە، هەموو خاوەن كێڵگەكان كە مریشكیان پێگەیشتووە لەو كاتەدا لە زەرەدان، لە وەرزی زستانیش بەهۆی ئەوەی سووتەمەنی گرانە، یەك كیلۆ مریشك سەرو 2700 دینار لەسەر خاوەن كێڵگەكان دەكەوێت، ئەگەر لە خوار ئەو نرخەوە بێت ئەوە لە زیانداین.

"بەهۆی ئەو هەرزانبوونەی ئێستە تەواوی خاوەن كێڵگەكان لە زیاندان، هەر خاوەن كێڵگەیەكیش بەپێی گەورە و بچووكیی هۆڵەكان زیانەكانی كەم و زیاد دەبن، هۆڵ هەیە گەورەیە لەو كاتەی وەك ئێستە كە مریشك هەرزان دەبێت لە 30 بۆ 40 ملیۆن دینار زیان دەكات، ئەگەر هۆڵەكە بچووك بێت، زیانەكە كەمترە، بەگشتی لە هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو هەرزانبوونەوە زیانی خاوەن كێڵگەكان ملیار دینارە"، فەرمان غەریب، خاوەنی كێڵگەیەكی پەلەوەر لە سلێمانی وا دەڵێت.

لای خۆیەوە نازم جاف، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان بە "وشە"ی راگەیاند، هەر دابەزینێكی نرخی مریشك كاریگەریی خراپی لەسەر خاوەن كێڵگەكان هەیە، ئەو دابەزینەی ئێستەش بە هەمان شێوە زیانی زۆر بە خاوەن كێڵگەكان دەگەیەنێت، ئێمە هەردەم داوای ئەوەمان كردووە نرخی مریشك بە شێوەیەكی فەرمی دیاری بكرێت، نەك ماوەیەك هەرزان و ئێمە زەرەر بكەین ماوەیەك گران خەڵك زەرەر بكات.

پێوەست بە بابەتەكە رێژین قادر، مریشكفرۆش بۆ "وشە" دووپاتی دەكاتەوە، نرخی مریشك لە ماوەی رابردوو هیچكات وەك ئێستە دانەبەزیوە، یەك كیلۆی بە 2300 دینار دەگاتە دەستی هاووڵاتییان، كەواتە دەبێت نرخی مریشك لە هۆڵەكان زۆر هەرزان بووبێت، هەر هەرزانبوونێكی لەو جۆرەش زیانی زۆری دەبێت بۆ خاوەن هۆڵ و كێڵگەكان، چونكە تێچوو زیاتر دەبێت لە نرخی فرۆشتن و ساغكردنەوە.

روونی كردەوە، ئەو دابەزینە بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی خواست و خستنەڕوو یەكسان دەبنەوە، چونكە ئێستە خواست بە راورد بە خستنەڕوو كەمترە، لەو حاڵەتەشدا نرخ هەرزان دەبێت، هاوكات كەمیی داواكاری لەسەر مریشك بۆ خوار و ناوەڕاستی عێراق، ئەوەش وای كردووە نرخ هەرزان بێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل