چارەنووسی سەرۆكی ئێران و وەزیری دەرەوەی چییە؟

:: PM:11:20:19/05/2024 ‌

ئەمڕۆ هەلیكۆپتەرەكەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی ئێران لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە تووشی رووداوێك بوو، كاتێك لەگەڵ ئەمیر حوسێن عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێكی تری باڵای ئەو وڵاتە لە گەشتێكدا بوون، بەڵام فڕۆكەكەیان ناچاری نیشتنەوە بووە و تا ئێستەش گەڕان بە دوای هەلیكۆپتەرەكە بەردەوامە، ئاماژەكان زیاتر بەرەو نەمانی ئەوانن لە ژیاندا.

ئەمشەو جەنەرال عەباس قەلیزادە، فەرماندەی هێزەكانی سوپای پاسداران لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات لە باكوری رۆژئاوای ئێران گوتی، بەر لە چەند خولەكێك ئاماژەیەك لە هەلیكۆپتەرەكە و مۆبایلی ئەندامێكی تیمی فڕۆكەكە لە شوێنی رووداوەكە گەیشتووە، ئێمە لەگەڵ تەواوی هێزە چەكدارەكان لە ناوچەكە بەرەو شوێنەكە دەچین و هیوادارین هەواڵی خۆش بە خەڵكەكە بدەین، 39%ی هێزە چەكدارەكان لە ناوچەكە هەن.

لای خۆیەوە باباك مەحموودی، سەرۆكی رێكخراوی مانگی سووری ئێران گوتی، بەر لە چەند خولەكێك تیمی ئۆپراسیۆنەكان كە رەوانەی ناوچەكە كراون، دوای چەند سعاتێك لە گەڕان شوێنی گریمانكراوی تێكشكانی هەلیكۆپتەرەكەیان دیاری كردووە.

هاوكات هەر ئەمشەو دوای رووداوەكە، چەند ئاماژەیەكی نەرێنی هەبوون، ئەوەش وایان كرد كە گریمانەكان بەرەو ئەو سیناریۆیە بچن كە سەرۆكی ئێران و هاوەڵانی گیانیان لە دەست دابێت، لەوانە لێدوای رابەری باڵای شۆڕشی ئێران و قسەی میدیاكان، كە سەرنجیان خستە سەر كێ شوێنی رەئیسی دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم دوای رووداوەكە، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا مۆڵەت و پشووی خۆی پچڕاند و گەڕایەوە كۆشكی سپی، كاتێك كۆشكی سپی رای گەیاند كە سەرۆكی ئەمەریكا لەبارەی رووداوەكەی ئەمڕۆی هەلیكۆپتەرەكەی رەئیسی ئاگەدار كراوەتەوە.

هەر بەپێی هەواڵەكان ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئێران داوای كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانی كردووە، سەرچاوەیەكی ئێرانی دووپاتی كردەوە، كۆبوونەوەیەكی بەپەلە و نائاسایی لە ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بە سەرپەرشتیی خامنەیی ساز كراوە، ئەوەش دوای ئەوەی چەند سعاتێك بەسەر رووداوەكە تێپەڕ بووە و تا ئێستە هیچ ئاماژەیەك لەسەر مان و نەمانی رەئیسی و عەبدوڵاهیان نییە.

لای خۆیەوە تۆڕی هەواڵی "ئێن بی سی"ی ئەمەریكی رای گەیاند كە لە چەند سعاتی داهاتوو گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی ئێران و ئەو بەرپرسانەی هاوەڵی بوونە دێتە راگەیاندن.

لەوكاتەی رۆژنامەوانانی ئێران لە عەلی رەزا داوری، سەرۆكی فەرمانگەی راگەیاندن لە سەردەمی ئەحمەدی نەژاد، سەرۆكی پێشووتری ئێرانیان گواستەوە كە سەرۆكی ئێران و وەزیری دەرەوە لە رووداوی تێكشكانی هەلیكۆپتەرەكەیان لە بەرزاییەكانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات گیانیان لە دەست داوە.  

ئەمڕۆ یەكشەم ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی ئێران سەردانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی كرد و لەگەڵ ئیلهام عەلییڤ، سەرۆكی ئازەربایجان بەنداوی "قیز قەلعەسی"یان كردەوە، كە پڕۆژەیەكی هاوبەشە لە نێوان هەردوو وڵاتە، بەڵام لە گەڕانەوەدا هەلیكۆپتەرەی سەرۆكی ئێران بە ناچاری بە هۆی خراپیی كەشوهەوای ناوچەكە نیشتووتەوە، زانیاری تەواو لەسەر هەڵیكۆپتەرەكە نییە و چەندان تیمی فراكەوتن گەیشتوونەتە شوێنەكە بۆ دۆزینەوەی.

هاوەڵانی سەرۆكی ئێران لە ناو هەلیكۆپتەرەكە بریتین لە محەمەد عەلی ئال هاشم، پێشنوێژی هەینیی پارێزگەی تەبرێز و حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و مالیك رەحمەتی، پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات و ژمارەیەك یاردەدەری فڕۆكەوانی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل