لە پێنجوێن باوكێك كچە 18 ساڵەكەی بە چەقۆ كوشت

:: AM:11:03:20/05/2024 ‌
بەیانیی ئەمڕۆ لە پێنجوێن، باوكێك كچە 18 ساڵانەكەی خۆی بە چەقۆ كوشتووە، پۆلیسی سلێمانی دەڵێت باوكەكە داخی رووداوێكی لە دڵدا بووە، بۆیە ئەو تاوانەی كردووە.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی ئایار، سەركەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە "وشە"ـی راگەیاند، كچێك لەلایەن باوكییەوە لە پێنجوێن كوژرا، رووداوەكە بەیانیی ئەمڕۆ رووی داوە و هۆكارەكەش كێشەی كۆمەڵایەتی بووە، دۆسیەكەش بۆ ساڵێك پێش ئێستە دەگەڕێتەوە.

باسی لەوەش كرد، ساڵێك لەمەوبەر كچەكە لەگەڵ كوڕێك رای كردووە بۆ هەولێر، بەڵام دواتر كچەكە گەڕێنراوەتەوە بۆ پێنجوێن و بە بڕیاری دادوەر كچەكە دراوە بە باپیری، باپیریشی دوای ساڵێك، ئەم بەیانییە كچەكەی رادەستی باوكی كردووەتەوە، بەڵام باوكەكە بە چوار چەقۆ كچەكەی كوشتووە.

دوای كوشتنی كچەكەی، باوكەكە رای كردووە، بەڵام لە بازگەی ئاسایشی پێنجوێن گیراوە و رادەستی پۆلیس كراوە و ئێستە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.

كچەكە 18 ساڵان بووە و تا پۆلی پێنجی سەرەتایی خوێندوویەتی، ساڵێك پێش ئێستە لەڕێی وەرگرتنی بریكارنامە رادەستی كەسوكاری كراوەتەوە.



وشە - رامیار جەواد