هەوای سبلیت تووشی ئەو نەخۆشیانەت دەكات

:: PM:09:30:23/05/2024 ‌

وەرزی گەرما بەڕێگاوەیە و هەڵگیرسانی سبلیت، بەتایبەتی لەو كات و شوێنانەی كێشەی كاربایان نییە، نزیك بووەتەوە، جیا لەوەی وەرزی گەرما خۆی هەندێك نەخۆشی لەگەڵ خۆیدا دێنێت، بەڵام پەنابردنێكی ناتەندروست بۆ بای سبلیت، ئەویش هەر سەرچاوەی هەندێك نەخۆشییە.

بۆ خۆرزگاركردن لە گەرما، زۆرێك پەنا بۆ سبلیت دەبەن، د. یلینا مالینیكۆڤا، سەرۆكی بەشی زانستی ڤایرۆس لە ئەكادیمیای پزیشكیی رووسیا دەڵێت، بۆ خۆپاراستن لە هەندێك كێشەی تەندروستی، پێویستە سبلیت بە شێوەیەكی دروست بەكار بێت، لەوانە نابێت لە هەوایەكی گەرم راستەوخۆ بێیتە ناو كەشێكی ساردی بەر سبلیت، یان بە پێچەوانەوە، چونكە مرۆڤ تووشی پەتای بەكتریایی دەبێت، كە سەرچاوەكەی هەوای سبلیتە. 

بەپێی قسەی ئەو دكتۆرە هەوای سبلیت سەرچاوەی هەندێك جۆر پەتایە لەوانە ڤایرۆسی و كەڕوو و چەند كێشەیەكی بێزاركەری بەدواوەیە، شارەزایان پێیان وایە لەو نەخۆشییانەی هاوینان بەهۆی هەوای ساردی سبلیتەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، هەوكردنی ئاڵووەكان، بەتایبەتی لە كاتی چوونی كتوپڕ لە شوێنێكی گەرمەوە بۆ شوێنێكی سارد، هەوكردنی گەروو دروست دەكات. 

جیا لەوانە باس سبلیت هەستیاری دروست دەكات، ئەوەش بەهۆی ئەو تۆزوخۆڵەی لە سبلیتەكەوە دەردەچێت، بۆیە پێویستە بە بەردەوام خاوێن بكرێتەوە، هەروەها ئەوانەی پێستیان هەستیارە، تووشی وشكهەڵگەڕانی پێست دەبنەوە و پێستیان وشك و قڵێشاو دەبێت، بەهۆی ئەو خۆڵەی لە سبلیتەكەوە دێتە دەرەوە تووشی هەوكردنی كەڵێنەكانی لووت دەبنەوە. 

ئەو بەكتریا و ڤایرۆسەی لە هەوای سبیلت دێتە دەرەوە، جیا بە هەوكردنی كەڵێنی لووت، كێم لە قورگ دروست دەكات، بۆیە پێویستە بەر لە بەكارهێنانی سبیلت جوان خاوێن بكرێتەوە، بەركەوتنی هەوای ساردی سبلیت بۆ ماوەیەكی زۆر سەرئێشتە دروست دەكات، جیا لە هەستكردن بە ماندووبوون و داهێزران و ورووژانی لینجە پەردەی ناوپۆشی لووت و زەحمەتی هەناسەدان.  


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل