پەرلەمانتارێكی عێراق كێشەیەكی گەورە لە بودجەی 2024 ئاشكرا دەكات

:: PM:11:44:25/05/2024 ‌

هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق خشتە داراییەكانی بودجەی 2024ی رەوانەی پەرلەمان كرد و لە چوارشەمەوە لیژنەی دارایی پەرلەمان دەستی بە تاوتوێكردنی بودجەكە كردووە، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، مانگانە بۆ خەرجییەكان پێویستیمان بە 17 ترلیۆن دینار هەیە، كەچی هەموو داهاتەكان لە سنووری 10 ترلیۆن دینارە، بۆیە ئەگەر پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات یان نا پارە نییە.

مستەفا سەنەد، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هۆكاری خەرجنەكردنی پارە لە بودجەی 2024 بەهۆی نەبوونی سیولەی پێویستە، واتە وشكەپارەی دینار، ئەگینا ئەو خشتانەی بۆ پەرلەمان هاتوون پەسند بكرێن یان نا ناتوانرێت خەرجكردنی بودجە رابگیرێت، چونكە بودجە سێ ساڵییە و بۆ چارەسەریی بودجەی ساڵانە هاتووە، بۆیە بودجەی سێ ساڵی تەنیا خشتەیە و هیچ پاساوێك بۆ وەستانی نییە.

روونی كردەوە، وەستانی خەرجكردنی پارە لە بودجەكە بەهۆی نەبوونی سیولەیە، لە بودجەی 2024 پێویست بە خەرجكردنی مانگانەی 17 ترلیۆن دینار دەكات، بەڵام ئەو بڕە پارەی لەكوێوە دێت، كاتێك داهاتی فرۆشتنی نەوت هەشت بۆ نۆ ترلیۆن دینارە و داهاتی باج و گومرگ و هیتریش، هەروەها داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەوانە هەمووی بەیەكەوە ناگاتە 10 ترلیۆن دیناری مانگانە، بۆیە كێشەكە لە نەبوونی پارەی كاشە، بۆیە ئەگەر پەرلەمان بودجەكە پەسند بكات یان نەیكات ئەو كێشە هەیە.

سەنەد دووپاتی دەكاتەوە، لە بودجەی 2023 كە ساڵی رابردوو دەنگی لەسەر درا، تەنیا 30%ی پارەی پارێزگاكان خەرج كرا، بە هەمانشێوە بۆ وەزارەت و وەبەرهێنانیش، بۆیە ئەوەی روودەدات یاریكردنێكی ئاشكرایە و ئێمەش قەشمەر نین و لێی تێدەگەین.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل