لە ماوەی 24 سەعاتدا.. تەقینەوە لە بەردەم سێیەمین چێشتخانە رووی دا

:: AM:09:09:27/05/2024 ‌
سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای بەغدا رای گەیاند، لە ماوەی 24 سەعاتدا سێیەمین تەقینەوە لە بەردەم چێشتخانەكان لە بەغدا رووی دا، تا ئێستەیش هیچ كەسێك بەهۆیانەوە نەگیراوە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ دووشەم 27ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی سەرچاوە تەناهییەكە، بەرەبەیانیی زووی ئەمڕۆ تەقینەوەیەك لەڕێ بۆمبی چێنراوەوە، لە بەردەم چێشتخانەی "لیز جلی هاوس" لە ناوەندی بەغدا رووی دا، ئەمەیش لە ماوەی 24 سەعاتدا، سێیەمین چێشتخانەیە كە تەقینەوەی لە بەردەم روو دەدات.

سەرچاوەكە زیاتر گوتی، دوو لە تەقینەوەكان لە گەڕەكی شەقامی فەلەستین بووە، ئەوی تریشیان لە بەردەم چێشتخانەیەك لە گەڕەكی كەرادە 2 رووی داوە.

روونی كردەوە كە هەرسێ تەقینەوەكان لەڕێ بۆمبی چێنراوەوە بووە و وێڕای ئەوەی زیانی مرۆییان بەدواوە نەبووە، بەڵام زیانیان بە چێشتخاتەكان گەیاندووە.

دوێنێ شەو كەسانی نەناس، بۆمبی چێنراویان لە بەردەم دوو چێشتخانە تەقاندووەتەوە، یەكیان لە گەڕەكی شەقامی فەلەستین و ئەوی تریشیان لە گەڕەكی كەرادە 2 بووە، تەقینەوەی ئەمڕۆیش لە بەردەم چێشتخانەی "لیز جلی هاوس" لە شەقامی فەلەستین بووە.

تا ئێستە هیچ كەسێك بەهۆی ئەو تەقینەوانە نەگیراوە و پۆلیس لە هەوڵی دۆزینەوەی تاوانباراندایە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د