سوودانی دووپات لە دوانەخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكاتەوە

:: PM:05:26:27/05/2024 ‌

ئەمڕۆ دووشەم محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە رێوشوێنەكانی بەجێكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كرد، دووپاتی لە پەلەكردن لە تۆماركردنی زانیاریی مووچەخۆرانی هەرێم و دوانەخستنی مووچەكانیانی كردەوە.

وەك لە بەیاننامەیەكی نووسینگەی سوودانی هاتووە، سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی لە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لە 21ی شوباتی ئەمساڵ كردووەتەوە كە باسی پابەندكردنی هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و هەرێم دەكات بە بەجێكردنی مووچەی فەرمانبەرانی گەرتی گشتی لە هەرێمی كوردستان.

سەرۆك وەزیرانی عێراق بەدواداچوونی بۆ جێبەجێكردنی رێوشوێنەكانی بانكی ناوەندی و بانكە حكوومەتییەكان پێوەست بەو بابەتە كردەوە، دووپاتی لە پێویستی پەلەكردن لە تەواوكردنی تۆماری داتای فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كردەوە، جیا لە دوانەخستنی مووچەكانیان، ئەوەشی روون كردەوە كە حكوومەتی فیدراڵ پابەندە بە رەچاوكردنی فەرمانبەرانی عێراق لە هەر شوێنێك بن و مسۆگەركردنی مافەكانیان وەك ئەوەی لە دەستوور و یاساكاندا هاتووە. 

شایەنی باسە دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی 2023 یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق پەسند كرا، بەر لەویش رێككەوتنی نەوتی لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدراڵ و بەر لەوانەش رێككەوتنی سیاسی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی سوودانی كە چەندان خاڵی گرنگی باس كردووە، ئەوانە هەمووی تەواو بوون، بەڵام بەغدا لە رێگەی دادگای فیدراڵییەوە هەوڵی داوە سوود لە دۆخی خراپی ئابووریی هەرێم بەهۆی وەستانی هەناردنی نەوتەكەی ببینێت و چەند بڕیارێكی پابەندی بۆ هەرێم دەركرد.

ئێستە هەرێمی كوردستان هەموو پاساوەكانی بەغدا و دادگای فیدراڵی نەهێشتووە، سەبارەت بە بەجێكردنی مووچە، پڕۆژەی "هەژماری من"ی راگەیاندووە و تا ئێستە 300 هەزار فەرمانبەر تۆمار كراون و ئامادەن بۆ ئەوەی مووچەكەیان لە بانكەوە خەرج بكرێت، جیا لەوەی بانكی عێراق بۆ بازرگانی هاتووەتە ناو سیستمەكە و ناوی بەشێك لە فەرمانبەرانی هەرێمی بۆ رەوانەكراوە بۆ بەجێكردنی مووچەكانیان، ئەمڕۆش بەشێك لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان خرایە سەر حیسابێكی بانكیی وەزارەتی داریی عێراق، بەوەش تەواوی پاساوەكانی بەغدا نەمان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل