رێبوار تاڵەبانی، راوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ كاروباری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر دوایین هەنگاوی سەرۆكی حكوومەت بۆ دروستكردنی لیژنەیەكی باڵای ویزاری بۆ ناوچە كوردستانییەكان، دووپاتی دەكاتەوە كە هەنگاوێكی گرنگ و ئەرێنییە كە خەمی ئەو ناوچانە بخورێت.
*بڕیارەكەی ئەمڕۆی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ پێكهێنانی لیژنەیەك لە وەزیرانی حكوومەت بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
هەنگاوێكی گرنگ و ئەرێنییە و كاریگەری لەسەر كۆی بارودۆخەكە دەبێت، بیركردنەوە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم زۆر باشە و خەمخواردنەكە دڵخۆشكەرە كە لە رێگەی لیژنەوە چاودێریی ئەو ناوچانە بكرێت، زۆر باشترە لەوەی فەرامۆش بكرێن و كاری لەسەر نەكرێت.
*ناوچە كوردستانییەكان پێویستییان بە ئاساییكردنەوەی دۆخەكە هەیە؟
بە دڵنیاییەوە، ئەوە بابەتێكی مێژووییە و پێوەندی بە هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقەوە هەیە، ئەوەی گرنگە، گرنگی بەو ناوچانە بدرێ و حكوومەت لەخەمیاندا بێت، خەڵكی ناوچەكە هەمیشە چاویان لەوەیە كە حكوومەت هەوڵ بدات و كار بۆ ئەوە بكات چارەنووسی ئەو ناوچانە یەكلا بكرێنەوە.
*دانیشتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق كاریگەری دەبێت، وەك لە بەیانەكەی حكوومەتی هەرێمدا هاتووە؟
بەڵێ، هەموو دانیشتن و گفتوگۆیەك بۆ چارەسەریی كێشەكان هەنگاوێكی ئەرێنی و گرنگە، پێویستە هەردوولا بە گرنگییەوە كار لەسەر ئەو ناوچانە بكەن و لە خەمی خەڵك و ناوچەكەش بن، ئەوەی پێویست بێت بۆ ئەو ناوچانە بكرێت.
*ئەو ناوچانە چۆن و بە چ شێوازێك ئاسایی دەكرێنەوە؟
تاكە چارەسەر بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە بەپێی دەستوور كێشەكان چارەسەر بكرێن، مادەی 140ی دەستوور بە كردەنی جێبەجێ بكرێت، ئەمە یەكلاكەرەوەیە، تا دەستوور جێبەجێ نەكرێت هیچ شتێكی تر سوودی نابێت، چونكە لە عێراق هیچ شتێك نە لە سەرووی دەستوورەوەیە و نە لە دەستووریش گەورەترە.
*تا چەند ئەنجامی گفتوگۆكان لەسەر جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوور ئەرێنی دەبێت؟
ئەگەر لەسەر ئەو بنەمایە گفتوگۆ بكرێت، بەڵێ بەدڵنیاییەوە دەبێت، چونكە ئەوە گرنگترین خاڵە و ئەگەر پەرەی پێ بدەن، دەبێتە سەرەتای كاركردن بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە.
دیمانە/ هۆشیار عەلی