ئەندازیارێكی بواری ژینگە: بڕینی گۆیژە و ئەزمەڕ مەترسیدارە و پێویستە دەستبەجێ رابگیرێت

:: PM:09:49:01/06/2024 ‌

ئەندازیارێكی ژینگە كە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بواری پاراستنی ژینگە لە ئەڵمانیا، مەترسییەكانی  رووخاندن و هەڵدڕینی چیایەكانی گۆیژە و ئەزمەڕ بۆ سەر ژینگەی شاری سلێمانی دەخاتە روو، پێی وایە كە دەستكاریكردنی ئەو چیایانە بە تەواوەتی دژی ژینگەیە و سروشت و جووانی و كەشوهەوای شارەكە تێك دەدات و رووبەڕووی مەترسییان دەكاتەوە.

ساوان ئەمین، ئەندازیاری ژینگە و خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە بواری ژینگە لە ئەڵمانیا بە "وشە"ی راگەیاند، بەوپێیەی كە ماستەرم  لە بواری ژینگەدا هەیە، نەمتوانی بەرانبەر بڕین و رووخاندنی چیاكانی ئەزمەڕ و گۆیژە بێدەنگ بم، دەمەوێ لە رووی زانستی و بە شێوەیەكی بابەتییانە قسەی لەسەر بكەم و چەند كاریگەرییەكی مەترسیداری ئەو كارە بە كورتی بخەمە روو.

روونی كردەوە، مەترسیی یەكەم ئەوەیە كە داڕمانی زەوی"soil erosion"، لابردنی شاخەكان دەبێتە هۆی داڕمانی خاك، ئەمەش دەبێتە هۆی داكەوتن و زەویلەرزین "landslide" و دابەزینی كوالێتیی زەوی، هەروەها تێكدانی شوێنی مانەوەی گیانلەبەرەكان، تەنانەت ئەگەر رووەكی زۆریشی لێ نەبێت، هەروەها شاخەكان پشتگیری لە مانەوەی  گیانلەبەرە كێوی و رووەكەكان دەكەن، هاوكات بڕینی شاخێك لە شارێكدا دەتوانێت ببێتە هۆی لەناوچوونی زیندەوەرەكان، ئەوەش بەهۆی لەناوچوونی شوێنی نیشتەجێبوون و تێكچوونی زنجیرە خۆراكییەكان و لەدەستدانی شوێنی نیشتەجێبوونیان و گۆڕانكاری لە كەشوهەوا و زیادبوونی ململانێی مرۆڤ و گیانلەبەرە كێوییەكان، بۆیە ئەم پرۆسەیە شوێنی نیشتەجێبوونیان لادەبات و ئەم زیندەوەرانە ناچار دەكا بۆ شوێنێكی تر كۆچ بكەن، تەنانەت لەكاتی كۆچكردندا بەهۆی برسیەتییەوە دەمرن یان بە جۆری تر گیان لە دەست دەدەن.

ئەو ئەندازیارە دووپاتی كردەوە، كاریگەرییەكی تری ئەوەیە كارلێكە ئیكۆلۆجییەكانی گیانداران  تێك دەدات و دۆخی ژینگە دەگۆڕێت، كە گیانلەبەرەكان زیاتر بەرەو رووی لەناوچوون دەبنەوە، هەروەها كوالیتیی هەوای شاخەكان یارمەتیدەرن لە رێكخستنی رۆیشتنی هەوا و كوالیتییەكەی، بۆیە لابردنی چیاكە دەبێتە هۆی زیادبوونی تۆز و پیسكەرەكانی ناو هەوا، كە ئەمەش دەبێتە هۆی تووشبونمان بە چەندین نەخۆشی، یەكێك لەوانە تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەیە.

"شاخەكان كاریگەرییان لەسەر كەشوهەوای ناوخۆیی هەیە و بڕینەوەیان دەبێتە هۆی گۆڕانكاری لە پلەی گەرمی و شێوازی كەشوهەوا و تێكچوونی كەشوهەوا، هاوكات  شاخ دەتوانێت كاریگەری لەسەر چۆنیەتی رۆیشتنی ئاو و هەڵگرتنی ئاو هەبێت، گۆڕینی ئەوان دەتوانێت ئاوی ناوخۆیی بگۆڕێ و لافاو زیاد بكات، بە تایبەت لە ناوچە نزمەكاندا، بۆیە نەبوونیان دەبێتە هۆی كەمبوونی ئاوی ژێرزەوی، ئەمەش كاریگەریی لەسەر دابینكردنی ئاوی ناوخۆیی و ئیكۆسیستەمەكان دەبێت، بۆیە نەبوونی شاخەكان دەتوانێت سووڕی هایدرۆلۆجیی سروشتی تێك بدات و دەبێتە هۆی تەحەدای جۆراوجۆری ژینگەیی"، ساوان ئەمین، ئەندازیاری ژینگە و خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە بواری ژینگە لە ئەڵمانیا وای گوت.

دووپاتی كردەوە، كاریگەرییەكی تری ئەوەیە كە دەبێتە هۆی لەدەستدانی جوانیی سروشتی ناوچەكە كە هەموومان لەگەڵ خزمەت و فراوانبوونی شارەكەمانداین، بەڵام بە جۆرێك نەبێتە هۆی تێكدانی سروشت و ژینگە و جووانی و سیمبۆلەكانی، بۆیە هەموو ئەم خاڵانەی سەرەوە دەرخەری ئەوەن كە تێكدان و بڕینی چیاكانی گۆیژە و ئەزمەڕ بۆ داهاتووی ژینگەی شاری سلێمانی مەترسیدارە و پێویستە دەستبەجێ ئەو كارە رابگیرێت، چونكە ژینگە بۆ مرۆڤایەتی گرنگترە و لە هەموو شتێكی تر بە بایەخترە.

شایەنی باسە چەند رۆژێكە گرووپی كۆمپانیاكانی قەیوان لە سلێمانی بە مەبەستی دروستكردنی پڕۆژە و یەكەی نیشتەجێبوون لە چیاكانی گۆیژە و ئەزمەڕ، دەستی كردووە بە تێكدان و شێواندنی هەردوو چیاكە، بەمەش ناڕەزایەتیی هەمووانی لێكەوتەوە، بەڵام تا ئێستە كۆمپانیاكە ئامادە نییە پڕۆژەكە رابگرێت و لە تەختكردن و رووخاندنی چیاكان بەردەوامە.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت