وێڕای ئەوەی لە هەرێمی كوردستان، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بڕیار لەسەر ڕۆژە ئایینییەكانی وەكوو مانگی ڕەمەزان و جەژنەكان دەدات و تا ڕادەیەكیش پشتی بە سعوودیە بەستووە، بەڵام لە عێراق ئەمە جیاوازە و پشتی ئەوان كەوتووەتە نەجەف و قومەوە، بۆیە ئەمساڵیش بە بڕیارێكی مەزەوی، جەژنی قوربان لەگەڵ موسڵمانانی سونە ناكەن.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، حەوتی حەوزەیران، نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای مەزەوی شیعە لە عێراق، بڵاوی كردەوە كە ئەوان یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربانی ئەمساڵیان بۆ ڕۆژی دووشەم (17ی حوزەیران) دیاری كردووە، ئەمەش ڕێک پێچەوانەی بڕیارێكی پێشووی كۆدەنگیی موسڵمانانە كە ڕۆژی یەكشەم (16ی حوزەیران) بە یەكەم ڕۆژی جەژن بەپێی بڕیاری سعوودیە دیاری كرا.
لەناو وڵاتانی ئیسلامیدا، ساڵانە لە دیاریكردنی یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان و یەكەمی ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان، جیاوازی دروست دەبێت، بەڵام بۆ یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان، بە تەواوی پشت بە سعوودیە دەبەستن، چونكە یەكەم ڕۆژی مانگی زولحەجەیە و جەژنەكە پێوەستە بە حەجەوە، بۆیە موسڵمانان شوێن وڵاتی حەج دەكەون كە سعوودیەیە، جیا لە ئێران و ئەو شوێنانەی شیعەنشینن، وەكوو بەشێكی عێراق و لبنان و یەمەن.
ماوەی هەشت ساڵە لە عێراقدا، شیعە و سونە بە كاتی جیاواز جەژنی قوربان دەكەنەوە.