پێگەی ''ڤیسێگراد 24'' ناوی دەوڵەمەندترین ئەو کەسایەتیانەی بڵاو کردەوە کە لە لیستی تیرۆردان، هەر سێ دەوڵەمەندترین ئەو کەسانەش دامەزرێنەر و سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماسن و لە لایەن قەتەرەوە پارەدار کراون.
ئەمڕۆ شەموو هەشتی حوزەیران ناوی دەوڵەمەندترین ئەو سێ کەسایەتییە بڵاو کرایەوە کە لە لیستی تیرۆردان، لە پلەی یەکەمی ڕیزبەندییەکە خالید مەشعەل دێت بە سەرمایەی پێنج ملیار دۆلار، کە یەکێکە لە دامەزرێنەرەکانی حەماس و دوای دامەزراندنی بزوتەنەوەکە لە ساڵی 1987 بووە سەرۆکی لقی کوەیتی حەماس.
ئیسماعیل هەنییە لە پلەی دووەم دێت بە سەرمایەی چوار ملیار دۆلار، هەنییە سەرۆکی باڵی سیاسی حەماسە و ئێستە لە دەوحە نیشتەجێیە، دواتر موسا ئەبو مەرزوق ئەندامی دیاری حەماس دێت بە سەرمایەی سێ ملیار دۆلار.
لە ماوەی ڕابردوو دەسەڵاتدارانی قەتەر ئەوەیان نەشاردەوە، لەسەر ڕەزامەندی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆکی کابینەی جەنگی ئیسرائیل حەماسیان لە کەرتی غەزە پارەدار کردووە، بەم هۆیەشەوە سەرۆکە ئیسرائیلییەکە دووچاری ڕەخنە و فشاری ناوخۆی بۆتەوە.
ئێستە هەرسێ سەرکردە دەوڵەمەندەکەی حەماس لە قەتەر دەژین و سێ دەوڵەمەند ترین ئەو کەسانە پێک دەهێنن کە لە لیستی تیرۆردان.