بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازیی عێراق رای گەیاند، تونێلێكی گەورەیان لە ژێر زەوی دۆزیوەتەوە كە شارۆكەی تەلەعفەر و چیاكانی شارەدێی "عیازییە" لە رۆژئاوای موسڵ پێكەوە دەبەستێتەوە.
ئەمشەو هەشتی حوزەیرانی 2024، بەپێی بەیاننامەیەكی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازی عێراق، دوای بە دەست گەیشتنی زانیاریی هەواڵگری ورد، توانیمان تونێلێكی گەورە لە ژێر زەویدا ببینینەوە كە درێژیەكەی 500 مەترە لەلای تەلەعفەر و لەلای چیاكانی شارەدێی عیازیەشەوە زیاتر لە 500 مەتری تر درێژە.
بەڕێوەبەرایەتییەكە روونی كردووەتەوە، تونێلەكە لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە دروست كراوە بە مەبەستی گواستنەوەی چەك و تقاف و پێداویستی سەربازی و لە بەیاننامەكە ئەوەیش ئاشكرا كراوە كە چەندان پێداویستی سەربازی لە تونێلەكەدا دۆزراوەتەوە و لەلایەن مەفرەزە ئەندازەییەكانی هەواڵگرییەوە تونێلەكە خاپوور كرا و تەواوی پێداویستییەكانی ناویشی دەرهێنران.