ئێزدییەكان گۆڕینی نەتەوەیان بۆ عەرەب رەت دەكەنەوە

:: PM:06:29:09/06/2024 ‌

لە چەند ساڵی رابردوو گەورەترین كارەسات و نەهامەتی بەسەر كوردانی ئێزدی هات، لەلایەن دڕندانەترین گرووپی توندڕۆ بە ناوی ئیسلامەوە كرانە دیل و كەنیزەك و كۆمەڵكوژ كران و كڕین و فرۆشتنیان پێوە كرا، دوای نەمانی داعشیش لەلایەن گرووپی ترەوە ناوچەكانیان داگیر كرا و رێگە بە گەڕانەوەی ئاوارە و ئاساییبوونەوەی ناوچەكانیان نادرێت، ئێستەش خەریكە بە یاسا هەوڵی گۆڕینی نەتەوەكەیان دەدرێت، هەمووشی تەنیا بەهۆی ئەوەی كە كوردن و دەیانەوێ هەر كورد بن.

ئێستە لە پەرلەمانی عێراق خەریكی داڕشتنی پڕۆەیاسایەكن بە ناوی "یاسای نەتەوەی ئێزدییەكان"، كە تیایدا نەتەوەی ئێزدییەكان بە عەرەب دیاری و جێگیر دەكرێت، لەوكاتەی خۆیان بە بەشێكی رەسەن و مێژوویی كورد دەزانن، خالید نەرمۆ، چالاكی ئێزدی دەڵێت، ئەو جموجۆڵەی لەلایەن ژمارەیەك پەرلەمانتاری عێراق بۆ داڕشتنی پڕۆژەیاسایەك بە ناونیشانی "نەتەوەی ئێزدی"، هەنگاوێكی نادەستووری و نایاساییە، ئەو بزاوە پێشێلكاریی روونی تیادایە و لەگەڵ پرەنسیپەكانی دەستوور و یاسادا ناگونجێت.  

روونی كردەوە، ئاینی ئێزدی لە كۆنترین ئاینەكانی ناوچەكەیە و شانازی پێوە دەكەین و بەشێكی دانەبڕاوە لە ناسنامەی كولتووری و یاینیمان، هاوكات ئێزدییەكان سەر بە نەتەوەی كوردن، ئێمە كوردی رەسەنین و ئەوەش تەنیا قسەی خۆم نییە، بەڵكو لەلایەن مێژووناس و زانایان لە كتێب و توێژینەوەكانیان لە كۆنەوە تۆمار كراوە، بۆیە ئێمە شانازی بە كوردبوونی خۆمانەوە دەكەین و بە بەشێكی سەركیی ناسنامەی خۆمانی دەزانین.

زیاتر گوتی، پێشتریش هەوڵی گۆڕینی ناسنامەی ئێزدییەكان دراوە، وەك ئەوەی لە كۆتای حەفتاكانی سەتەی رابردوو رووی دا لەكاتی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق، كاتێك رژێمی سەدام حوسێن بێ گەڕانەوە بۆ كۆمەڵگەی ئێزدی نەتەوەی ئەوانی بۆ عەرەب گۆڕی، ئێستەش ئەوەی لە رێگەی پەرلەمانی عێراقەوە روودەدات، هاوشێوەی ئەو هەوڵەی پێشووە و هەمان سیناریۆمان بیر دێنێتەوە.

نەرمۆ دووپاتی كردەوە، دەركردنی ئەو جۆرە یاسایانە لە دەسەڵاتی لیژنەی یاسایی پەرلەمان نییە، بەڵكو بابەتێكی تەواو سیاسییە بە مەبەستی دروستكردنی بۆشاییە لە نێوان كۆمەڵگەی ئێزدی و هەرێمی كوردستان، بۆیە وای دەبینین كە هەوڵێك هەیە بۆ بەسیاسیكردنی پرسی ئێزدییەكان و بەكارهێنانی وەك ئامرازێك بۆ جێبەجێكردنی ئەجیندای دیاریكراو، بۆیە ئەو پڕۆژەیاسایە بەرجەستەی خواستی راستەقینەی كۆمەڵگەی ئێزدی ناكات، بەڵكو هەوڵێكە بۆ سەپاندنی دۆخێكی نوێ بە سەریان.

ئەو چالاكە پێی وا بوو باشترین چارەسەری رێزگرتنە لە ناسنامەی نەتەوەیی ئێزدییەكان وەك بەشێك لە گەلی كورد، بۆیە پێویستە هەوڵەكان بۆ پاراستنی مافی ئێزدییەكان و بەهێزكردنی رۆڵیان لەناو كۆمەڵگەی عێراقی دوور لە لایەنگریی سیاسی چڕ بكرێتەوە، كە ریزەكانیان پەرتەوازە دەكات.

لە ماوەی رابردوو كۆمەڵێك ئەندامی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق داوایەكیان ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق كرد بۆ دەركردنی یاسایەك بە ناوی "نەتەوەی ئێزدییەكان"، پێنجشەمی رابردووش دوای كۆكردنەوەی واژووی 182 ئەندام، سەرۆكایەتیی پەرلەمان بە داوایەكە رازی بوو، بەپێی نووسراوی داوایەكە مەبەست لەو هەنگاوە فەراهەمكردنی مافی ئێزدییەكانە لە عێراق، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەسەر دەستی داعش دووچاری كۆمەڵكوژی هاتنەوە. 

خدر دۆملی، مامۆستای زانكۆ و توێژەر و راوێژكار لە بواری چارەسەركردنی ململانێكان سەرسڕمانی خۆی بەرانبەر بەو داوایەی پەرلەمانتاران پێشان دا كە داوای دانیشتنێكی پەرلەمانی عێراق دەكەن بۆ پەسندكردن و بڕیاردان لەسەر دیاریكردنی نەتەوەی پێكهاتەی ئێزدی، دووپاتی كردەوە كە لە مێژوودا شتی وا نەبووە پەرلەمان بوێری ئەوە بكات نەتەوەی پێكهاتەیەكی كۆمەڵگە دیاری بكات.

روونی كردەوە، پێكهاتەكان بوونی نەتەوەیی كۆمەڵگەییان لە كولتووری شارستانی و نەتەوەیی و مێژوویی وەردەگرن، بۆیە ئەو هەوڵانە لە چوارچێوەی زنجیرەیەك هەوڵی پێشوو دێت لە مەبەستی ترازان و پەرتەوازەكردنی كۆمەڵگەی ئیچزدی و دروستكردنی دووبەرەكی و بۆشایی لە نێوان رۆڵەكانی گەلی كورد لە هەرێمی كوردستان و ئێزدییەكان و كورد بە گشتی، ئەو بزاوە یەكپارچەیی گەلی كورد و سەقامگیریی پێكهاتەكانی دەكاتە ئامانج. 

دۆملی پرسیار دەكات ئاخۆ هەستی مرۆیی پەرلەمانتاران بە بەرپرسیارەتییان دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان بە دەستی داعش چییە؟، دەبێت ئەوان دەستپێشخەری بۆ فەراهەمكردنی مافی ئێزدییەكان و بەدیهاتنی دادوەری و دداننان بە كۆمەڵكوژییەكەیان لە بری خۆدزینەوە لە بەرپرسیارەتی و ئاراستەكردنی رای گشتی بۆ بابەتێكی لاوەكی وەك پڕۆژەیاسای نەتەوەی ئەوان بكەن، پێویستە پەرلەمان لە بری ئەو جۆرە بڕیارانە رێز لە ئێزدییەكان بگرێ و كار لەسەر گەڕان بە دوای زیاتر لە 300 ژن و منداڵ بكات، كە تا ئێستە دیار نین یان لای داعش ماون، ئەوەیە ئەركی راستەقینەی پەرلەمان، ئەگەر بەراستی دەیەوێ مافی ئێزدییەكان و دادوەریان بۆ فەراهەم بكات.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل