"ئەوانەی دەیانگوت بێ پارتی هەڵبژاردن دەكرێ نە لە سیاسەت دەزانن و نە سەری لێ دەردەكەن"

:: PM:10:16:10/06/2024 ‌

لە ماوەی دوو مانگی رابردوو زۆرترین مشتومڕ و قسەوباس لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكرا و دەگوترا هەڵبژاردن بەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێت، دەركەوت ئەوانە هیچ شارەزاییەكیان نەبوو و بێئاگا بوون لەوەی كە بەبێ هێزی یەكەمی كوردستان و هێزی گەورەی عێراق هەڵبژاردن ناكرێت، ئەوەیان بۆ نەچووە سەر كە دەیانگوت بێ پارتی هەڵبژاردن دەكرێت.

پەرلەمانتار و شارەزایان باس لەوە دەكەن كە پارتی هێزی یەكەمی كوردستانە، واتە بەتەنیا خاوەنی نیوەی دەنگی خەڵكی كوردستانە، بۆیە ئەستەمە و روونادات بەبێ هێزی یەكەم هەڵبژاردن بكرێت، زۆرێك خۆیان دانا بوو كە بەبێ پارتی بچنە هەڵبژاردن و هەموو شتێك بۆ خۆیان یەكلا بكەنەوە، بەڵام بۆیان نەچووە سەر و بەتەنیا پارتی بەرانبەر هەموو لایەنەكان وەستایەوە.

پێوەست بەو بابەتە نزار غەفار، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، شتێكی ئاساییە ئەگەر حزبێكی بچووك بڵێ بەشداری هەڵبژاردن ناكەم و بەبێ ئەو حزبە هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام بەبێ هێزی یەكەمی هەرێمی كوردستان و یەكێك لە حزبە گەورەكانی عێراق هەڵبژاردن ناكرێت، ئەوەشی دەیگوت هەڵبژاردن دەكرێت، نە لە سیاسەت دەزانێ و نە سەری لێ دەردەكات، پارتی لە عێراقیش ئەو حزبەیە كە پرس و رای لێ وەردەگیرێت، چونكە خاوەنی سەرۆك بارزانییە.

هەروەها گوتی، راستییەك هەیە دەبێت دۆست و نەیار بیزانن، ئەویش ئەوەیە كە پارتی لە رووی جەماوەرییەوە هێزی یەكەمە، هیچكات لە بەرپرسیاریەتی و هەڵبژاردن هەڵنایەت و هیچكاتیش تەحەدا قبووڵ ناكات، كاتێك كە پارتی خاوەن ئەو سەنگە گەورە و خاوەن راو و بۆچوون بێت، لەسەر ئاستی عێراقیش بۆ پرسە گرنگ و تایبەتەكان دێنەوە لای سەرۆك بارزانی، كەواتە چۆن دەبێت بەبێ ئەو هێزە كاریگەرە هەڵبژاردن بكرێت، بۆیە ئەوە شتێكی حەتمییە كە بێ پارتی هەڵبژاردن ناكرێت.

لای خۆیەوە كاوە فەتحوڵا، كادری پێشكەوتوی پارتی بە "وشە"ی گوت، ئەو هەڵبژاردنەی كە بڕیاری لەبارەوە درابوو، زۆر روون و ئاشكرا دیاربوو خزمەت بە لایەنێك دەكا و لە بەرژەوەندی و بە بەرنامەی چەند لایەنێك دانراوە، ئەنجامەكەشی بۆ ئەوانەیە كە دەستوەردانیان لەوە كردووە و دەیانەوێ هەرێمی كوردستان بە تەواوەتی بچووك بكەنەوە و لە قاڵبی بدەن، لە پێگە و قەوارەی هەرێمی كوردستان بدەن و پارتی لەوەدا دەكرایە ئامانج.

دووپاتی كردەوە، دوای چەندین قسە و هەڕەشە كە لایەنەكان دەیانكرد، گوایە بەبێ پارتی هەڵبژاردن دەكرێت، ئەوان تەنیا ماندووبوونیان بۆ مایەوە، ئاخر هەڵبژاردن بەبێ حزبی یەكەم كە خاوەنی سەتان هەزار لایەنگرە چۆن دەكرێت؟، وایان دەزانێ بۆیان دانراوە، پارتی هەموو كات ئامادەی هەڵبژاردن بووە و هەمیشە یەكەم حزب بووە داوای كردووە هەڵبژاردن بكرێت، ئەوانەی لە هەڵبژاردن دەترسن و ترسیان لە شكست هەیە دیارە كێن و چ لایەنێكن، بۆیە هەرێمی كوردستان دەستووری و یاساییە و هیچ لایەنێك بۆی نییە بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی كوردستان بدات، ئەوانەش لە كۆتاییدا هیچیان بۆ نەمایەوە، خۆ قەرار بوو ئەمڕۆ هەڵبژاردن بكرێت، دەركەوت بێ پارتی هەڵبژاردن قورسە.

هەر سەبارەت بەو بابەتەوە عەدنان ئەحمەد، رۆشنبیری سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، پارتی هێزی یەكەمی هەرێمی كوردستانە و خاوەنی زۆرترین جەماوەر و دەنگدەرە لە ناوچەكە، بۆیە دەبێت هەمووان ئەوە بزانن كە هیچكات نەبووە و نابێ بەبێ هێزی یەكەم هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بكرێت، پارتی باش لە نیازی ئەوانە گەیشتبوو كە داوای هەڵبژاردنیان دەكرد، بۆیە هەر لە سەرەتاوە بڕیاری دا بەو شێوەیە بەشداری هەڵبژاردن نەكات، بەبێ پارتیش هەڵبژاردن نە مانای هەیە و نە دەكرێت.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل