وەزیری ئەوقاف: پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان بووەتە خاڵێكی گرنگ و كاریگەر لە ئاستی دنیادا

:: AM:11:40:11/06/2024 ‌
وەزیری ئەوقاف و كاروباریی ئاینی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئێستە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێكی خراپ و شەڕ و ئاڵۆزیدا تێدەپەڕێت، بەڵام هەرێمی كوردستان هەر بەشوێنی پێكەوەژیانی ئاینی و پێكهاتەكان دەمێنێـتەوە.

لە سیمپۆزیۆمی گوتاری ڕق و كینە كە لە هەولێر بەڕێوە دەچوو، پشتیوان سادق ڕای گەیاند، پێكەوەژیانی پێكهاتەكان كولتوورێكی جوانی هەرێمی كوردستانە و دەبێت پارێزگاریی لێ بكەین، چونكە ئەوە شانازییەكی دێرینی نەتەوەییمانە.

وەزیری ئەرقاف لە گوتارەكەیدا گوتی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێكی خراپ و شەڕ و ئاڵۆزیدا تێدەپەڕێت، بەڵام هەرێمی كوردستان هەر بە شوێنی پێكەوەژیانی ئاینی و پێكهاتەكان دەمێنێتەوە.

وەزیری ئەرقافی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی گوت، پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان بووەتە خاڵێكی گرنگ و كاریگەر لە ئاستی دنیادا، ئەمەش وایكردووە لە زۆربەی كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكان، هەرێمی كوردستان بانگهێشت بكرێت و بەچاوی رێزەوە لەم پێكەوەژیانە بڕوانن و لە ئاستی نێودەوڵەتی گرنگی بە ڕۆڵ و پێگەی كوردستان بدرێت.

پشتیوان سادق گوتی، گوتاری توندڕەوی مەرج نییە تەنیا پێشنوێژ و گوتارخوێنی ئاینی بن جا لە هەر ئاینێك بن، بەڵكو جاری وا هەیە كەسانی ڕۆشنبیر، یان ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنكار بە هەر هۆكارێكەوە بێت، تووشی توندڕەوی دەبن، بۆیە پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكان بەشێوەیەكی یاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا بكەن، بۆ ئەوەی ئەو حاڵەتانە نەبنە هۆكاری ناشیرینكردنی كوردستان.

"ئەوەی پێوەندیی بە وەزارەتی ئەوقافەوە هەیە، هەر لە سەرەتاوە لە ڕێی كۆڕ و كۆنفرانس و خولی تایبەتەوە، كارمان كردووە لەسەر پاراستنی پێكەوەژیان لە كوردستاندا، بەڵێنی وەزارەتی ئەوقاف بۆ هەموو پێكهاتە ئاینی و نەتەوەكانی كوردستان دووپات دەكەینەوە و درێغی ناكەین لە دژایەتیكردنی گوتاری ڕق و كینە".



وشە - سۆران عەزیز