هاتوچۆی دهۆك خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان ئاگادار دەكاتەوە و 15 ڕۆژ مۆڵەتیان دەداتێ و دەڵێت، لە دوای ئەو وادەیە دەستیان بەسەردا دەگرین.
ئەمڕۆ سێشەم 11ی حوزەیران، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی دهۆك بڵاوی كردەوە، ئاگاداری ئەو شۆفێرانە دەكەین كە ئۆتۆمبێلەكانیان بێ سەرەتان یان مانیفێستی ئۆتۆمبێلەكانیان بە ناویانەوە نەبێت، 15 رۆژ مۆڵەتیان دەدەین، لە دوای ئەو وادەیە ئۆتۆمبێلەكانیان دەگرین.
چەندان ساڵە كێشەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان لە كوردستاندا هەیە و تا ئێستە چارەسەرێكی تەواوی بۆ نەدۆزراوەتەوە، هەر بەڕێوەبەرایەتییەكی پارێزگایەك بەجۆرێك مامەڵەیان لەگەڵ دەكات، بەپێی زانیارییەكان، ئەو ئۆتۆمبێلانە رۆژانە ژمارەیان زیاتر دەبێت، بەشێكیشیان ئەو عەرەبانە دەیانهێنن كە بەناوی گەشت و نیشتەجێبوونەوە دێنە كوردستان.
زیاتر لە 60 هەزار ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لەسەر شەقامەكانی هەرێمی كوردستان بەبێ تۆماركردن دەسووڕێنەوە و زۆرینەشیان ئەو جۆرەن كە پێیان دەڵێن مەلیكە.