دكتۆر سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دوای به‌شداریكردن له دووه‌م لووتكه‌ی ته‌ندروستیی جنێڤ، ئه‌مڕۆ پێشوازیی له شاندێكی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی كرد و بۆ ''وشه'' وێڕای باسكردنی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كان، باسی له باشیی كه‌رتی ته‌ندروستیی هه‌رێمی كوردستان كرد. ئه‌و روونی كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان ساڵانه نزیكه‌ی 110 ملیار دینار ته‌نیا بۆ ده‌رمان و چاره‌سه‌ریی نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه خه‌رج ده‌كات و نزیكه‌ی 40% ئه‌و نه‌خۆشانه‌ش له كوردستان چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن، عێراقین.
وه‌زیری ته‌ندروستی روونی كرده‌وه، له كۆنفرانسه‌كه‌ی جنێڤ باسیان له دۆخی ته‌ندروستیی هه‌رێم و قه‌یران و ته‌نگژه‌كان و له ئامێزگرتنی ئه‌و ژماره زۆره ئاواره‌یه‌ی له رابردوودا هاتوونه‌ته كوردستان و چه‌ندان پرسی تر كردووه، ئه‌مڕۆ شاندێكی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی روویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیاندا كۆمه‌ڵێك بابه‌ت و ته‌وه‌ری گرنگیان بۆیان خسته‌ڕوو، چونكه رێكخراوه‌كه گرنگترین رێكخراوی ته‌ندروستییه له دنیادا و ده‌توانێت زیاتر ساپۆرت و پاڵپشتیی هه‌رێمی كوردستان بكات، ئه‌و پاڵپشتییه‌ش ته‌نیا ئه‌وه نییه بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستی بنیات بنێت، به‌ڵكو له‌ڕووی زانستی و لۆجستی و پاڵپشتی و رێگریكردن له نه‌خۆشییه گوازراوه‌كان و تیمی كاركردن، ته‌وه‌ری گفتوگۆكاندا بووه.
به‌گوته‌ی به‌رزنجی، راپۆرته‌كانی ناوخۆیی و ته‌نانه‌ت عێراقی و رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانیش، ده‌یسه‌لمێنن كه هه‌رێمی كوردستان له قه‌یرانێكی ئه‌وتۆدا نییه و هه‌موو نه‌خۆشییه گوازراوه‌كان له ژێر كۆنترۆڵدایه و سیستمی ته‌ندروستی له ئاستی باشدایه، راسته كه‌رتی ته‌ندروستی پێویستی به گه‌شه‌ی زیاتر له رووی باڵه‌خانه و ئامێره‌كانی پزیشكی هه‌یه، به‌ڵام به‌گشتی له ئاستێكی باش و په‌سندكراودان.
هه‌رێمی كوردستان، كۆمه‌ڵێك قه‌یرانی تێپه‌ڕاندووه
وه‌زیری ته‌ندروستی پێی وایه هه‌رێمی كوردستان، كۆمه‌ڵێك قه‌یرانی تێپه‌ڕاندووه له‌وانه كۆرۆنا و قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕی دژی تیرۆر و شه‌پۆلی ئاواره‌كان، به‌گشتی ئاستێكی باشی پێشكه‌ش كردووه و ده‌كرێ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌كانی تریش به‌راورد بكرێت.
به‌رزنجی له‌باره‌ی گه‌شتیاریی ته‌ندروستی ئاماژه‌ی دا كه پێشتر له هه‌رێمی كوردستان، هه‌موو چاره‌سه‌رییه‌ك نه‌بوو و نه‌خۆش ناچار بوو روو له ده‌ره‌وه بكات، به‌ڵام ئێسته دۆخه‌كه گۆڕاوه و ئه‌و چاره‌سه‌رییانه له ناوخۆ دابین كراون، هه‌رچه‌نده نه‌خۆش ئازاده له كوێ خۆی چاره‌سه‌ر ده‌كات و ئه‌ركی میدیایه كه له‌م رووه‌وه ئه‌و متمانه‌یه بۆ هاووڵاتییان بگه‌ڕێنێته‌وه، پسپۆڕییه‌كان و ئامێره‌كان كه پێشتر له كوردستان نه‌بوون، ئێسته هه‌ن.
به‌گوته‌ی وه‌زیری ته‌ندروستی، كه‌م نین ئه‌و هاووڵاتییه كوردانه‌ی له ده‌ره‌وه ده‌ژین، دێن لێره چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن یان نه‌شته‌رگه‌رییان بۆ ده‌كرێ جا به هۆكاری گرانی بێ یان كۆمه‌ڵێك به‌ربه‌ستی تر، جگه له‌مه هاووڵاتییانی عێراقیش به ژماره‌یه‌كی زۆر روو له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و لێره چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن.
سامان به‌رزنجی له‌باره‌ی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه باسی له‌وه كرد، سه‌رجه‌م چاره‌سه‌رییه‌كانی ئه‌و نه‌خۆشییه هه‌ر له حكوومه‌ت دابین ده‌كرێن و حكوومه‌ت گرنگی به چاره‌سه‌ركردن داوه. بۆ نموونه سندووقێكیان هه‌یه به یاسا دانراوه كه یارمه‌تییه بۆ نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه و ساڵانه خه‌رجییه‌كی زۆر هه‌ر له‌و سندووقه دابین ده‌كرێ كه له نێوان 60 بۆ 70 ملیار دیناره، ئه‌مه‌ش ته‌نیا بۆ ده‌رمانه‌كانه و له‌وانه‌ش چاره‌سه‌ری كیمیاییه، ده‌رمان هه‌یه شه‌ش تا حه‌وت هه‌زار دۆلار نرخیه‌تی، بۆیه سه‌نته‌ره‌كانی شێرپه‌نجه له‌لایه‌ن ئه‌و سندووقه پاڵپشتی ده‌كرێن، به‌ده‌ر له‌مه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جگه له یارمه‌تییه خێرخوازییه‌كان، بودجه‌یه‌كی راسته‌وخۆی بۆ ئه‌و سه‌نته‌رانه دابین كردووه. به‌گشتی ساڵانه 104 تا 110 ملیار دینار ده‌رمان و پێداویستی وه‌ك چاره‌سه‌ری كیمیایی بۆ نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه له كوردستان خه‌رج ده‌كرێ.
35% تا 40%ی نه‌خۆشه‌كان هی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانن
35% تا 40%ی نه‌خۆشه‌كان هی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانن و ره‌وشی خزمه‌تگوزارییه‌كانی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه له كوردستان زۆرباشه، هه‌رچه‌نده بێ كێشه نییه و هه‌ندێك ده‌رمان هه‌ن كه له‌وانه‌یه له هه‌موو عێراق نه‌بن یان چاره‌سه‌ریی نوێ بن، بۆیه له‌وانه‌یه خێرا ده‌ستیان پێ ڕانه‌گات.
وه‌ك وه‌زیری ته‌ندروستی ئاماژه‌ی دا، 85% تا 90%ی چاره‌سه‌رییه‌كانی شێرپه‌نجه له كوردستان به‌رده‌ستن، بڕیارێكیان هه‌یه كه هیچ ده‌رمانێكی كیمیایی له نه‌خۆشخانه‌ی حكوومی نابێت بچێته تایبه‌تی.
ئه‌و ده‌ڵێت، ''نه‌خۆش زۆرجار له‌به‌ر تایبه‌تمه‌ندیی خۆی نایه‌وێت بزانێت نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ی هه‌یه، یان هه‌ندێك خێزان هه‌ن ده‌ڵێن نامانه‌وێ نه‌خۆشه‌كه‌مان ببه‌ینه سه‌نته‌ره‌كانی چاره‌سه‌ری شێرپه‌نجه وه‌ك هیوا و نانه‌كه‌لی، ده‌ڵێن ده‌رمانه‌كانمان بده‌نێ له نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت پێیان ده‌ده‌ین، به‌ڵام ئه‌مه نابێت، ئه‌ویش له‌به‌ر دوو هۆكار، هۆكاری یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه ئاماده‌كردنی ده‌رزیی كیمیایی ته‌نیا ده‌رزییه‌ك نییه وه‌ریبگری و لێی بده‌ی، به‌ڵكو ئه‌و ده‌رمانسازانه‌ی له سه‌نته‌ره‌كان كار ده‌كه‌ن، خاوه‌نی ئه‌زموونی زۆر و شاره‌زان و ئه‌مه له كه‌رتی تایبه‌تدا نییه، دووه‌م ئه‌وه‌یه ده‌رمانه‌كان زۆر گرانبه‌هان و له رووی یاساییه‌وه ده‌رمانی حكوومی نابێت بچنه ده‌ره‌وه و بگاته كه‌رتی تایبه‌ت، ئه‌مه كێشه‌مان بۆ دروست ده‌كات و وه‌ك بڕیاریش سه‌نته‌ره‌كانیش بڕیاره‌كه‌یان به خۆشییه‌وه جێبه‌جێ كردووه.''