سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای نەجەفی باشووری عێراق ئەمڕۆ رای گەیاند، ئاگرێكی گەورە لە نەخۆشخانەی زەهرای حكوومی لە شاری نەجەف كەوتووەتەوە، كادرانی تەندروستی و كارمەندانی نەخۆشخانەكە، توانیان 41 منداڵی ناكام لە مردن رزگار بكەن.
پێگەی "
شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم 11ی حوزیرەان بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی سەرچاوە تەناهییەكە، ئاگرەكە لە بەشی "خودەج- منداڵی ناكام" كەوتووەتەوە، جیالەوەی تیمەكانی بەرگریی شارستانی كۆنترۆڵی ئاگرەكەیان كرد، بەڵام پێشتر كادرانی تەندروستی و كارمەندانی نەخۆشخانە، بە خێرایی 41 منداڵی ناكامیان لە بەشەكە رزگار كرد.
سەرچاوەكە ئاماژەی داوە كە جیا لە رزگاركردنی 41 منداڵە ناكامەكە، هاوكات دەیان ئافرەتیان رزگار كردووە كە لە نەخۆشخانەكە بەهۆی منداڵبوونەوە نەشتەركارییان بۆ كرابوو. ئەوەشی گوت كە هۆكاری ئاگرەكە شۆرتی كارەبا بووە.
غەسان هاتف عەكایشی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی زەهرا، دوای ئاگرەكە كاركردنی لە نەخۆشخانەكە راگرت و بڕیار درا تەواوی منداڵ و دایكەكانیان، بگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەكانی فورات و حەكیم لە ناوەندی شارەكە.
ئەو بەڕێوەبەرە بۆ رۆژنامەنووسان گوتی، ئەو رێوشوێنە بۆ ئەوەیە دڵنیابین لە سەلامەتیی هۆڵەكانی لەدایكبوون و نەشتەركاری لە نەخۆشخانەی زەهرا. دوای دڵنیابوون لە سەلامەتیی هۆڵەكان، دیسان نەخۆشەكان دەگەڕێنینەوە بۆ نەخۆشخانەكە.
ئەو ئاگركەوتنەوەیە دوای 48 سەعات لە دوای ئەو ئاگركەوتنەوەیە دێت كە لە ناوەندی شاری بەغدا، بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرێك لە كۆگەكانی بازرگانی، چوار هاووڵاتیی سووری سووتان و گیانیان لە دەست دا.