دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لە بەغدا هێرش كرایە سەر چەند چێشتخانە و كۆمپانیایەكی ئەمەریكی و زنجیرە خواردنگەكانی "كەی ئێف سی، چیللی هاوس و كۆمپانیای كاتەرپێلەر"، باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا داوا لە هاووڵاتیانی دەكات كە سەردانی عێراق نەكەن.
ئەمڕۆ سێشەم 11ی حوزەیرانی 2024، باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا ئاگادارییەكی ئاڕاستەی هاووڵاتییانی ئەمەریكی كردووە و لە ئاگادارییەكەدا هاتووە، باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا چاودێری ئەو راپۆرتانە دەكات كە باس لە ئەگەری هێرش و هەڕەشەكردن دەكەن بۆ سەر شوێنە بازرگانیی و دامەزراوە پەروەردەییەكان كە پێیانوایە ئەمەریكی بن"
زیاتر هاتووە، دەبێت هاووڵاتییانی ئەمەریكی ئاگاداری ئەم ئەگەرە بن و چاودێری میدیای ناوخۆ بكەن بۆ هەر پێشهاتێك و بە ئاگاوە مامەڵە بكەن لە نزیك ئەو شوێنانەی وا دەبینرێت كە ئەمەریكی بن.
لە بەشێكی تری ئاگادارییەكەی باڵوێزخانەی ئەمەریكادا هاتووە، داوا لە هاووڵاتییانی ئەمەریكی دەكەین كە گەشتی عێراق نەكەن بەهۆی ئەو مەترسییانەی كە لە ئاگادارییەكە باس كراوە.