گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، لە پڕۆسەی دووەمی پڕۆژەی "هەژماری من"دا كۆمەڵێك خزمەتگوزاریی تر پێشكەش بە مووچەخۆر دەكرێت، یەكێك لەوانە داشكاندنی تایبەت بە مووچەخۆری "هەژماری من" لە كۆمەڵێك سێكتەری پێوەندار بە ژیانەوە دەكرێت، بۆ نموونە لە بەنزینخانە یا خواردنگە و شوێنەكانی تردا.
ئەمڕۆ چوارشەم 12ی حوزەیرانی 2024، پێشەوا هەورامی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانی چاوپێكەوتنێكی میدیاییدا كە "وشە" بینیویەتی، ئاشكرای كرد لە ئایندەیەكی نزیكدا و لە قۆناغی دووەمی پڕۆژەی "هەژماری من"دا، كۆمەڵێك خزمەتگوزاریی تر بەردەست دەبێت بۆ مووچەخۆر بۆ ئەوەی لە رێگەی كارتە بانكییەكەیەوە سوودمەند بێت لە داشكانی تایبەت بە كۆمەڵێك پێداویستی رۆژانە، بۆ نموونە بەنزین، خواردن یان خزمەتگوزاریی تری هەمەجۆری پێوەندار بە ژیانی رۆژانە.
یەكێك لە ئامانجەكانی "هەژماری من" دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە بە چەندان خزمەتگوزاریی بانکی لە هەر کات و لە هەر شوێنێك، لەم چوارچێوەیەشدا گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، كە لە ئایندەیەكی نزیكدا بۆ راگەیاندنی قۆناغی دووەمی خزمەتگوزارییەكانی "هەژماری من" تیمی پڕۆژەكە روونكردنەوەی پێویستیان لەبارەیەوە دەبێت.
جێگەی ئاماژەیە هەر ئەمڕۆ گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئەوە یەكلا كراوەتەوە كە پڕۆسەی "تەوتین - بەبانكیكردن" لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری مندا دەبێت و ئاشكراشی كرد كە ئەم مانگە نزیكەی 50 هەزار مووچەخۆر لە رێگەی هەژماری منەوە لە رێگەی 100 ئامێری راكێشانی پارە "ATM" مووچەكانیان وەردەگرن. زیاتر گوتیشی، تا ئێستە نزیكەی چوار هەزار مووچەخۆر زانیارییەكانی لەلایەن پڕۆژەی هەژماری من و حكوومەتی هەرێمەوە رەوانەی بانكی TBI كراوە و ئەمڕۆیش فۆڕمی 653 مووچەخۆری تر رەوانەی بانكەكە كرا بۆ ئەوەی هەژماری بانكییان بۆ بكرێتەوە لە بانكەكە.