درۆنێكی بۆمبڕێژكراو لە سلێمانی كەوتە خوارەوە

:: PM:10:27:13/06/2024 ‌
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئەمشەو سەعات 8:00 بە كاتی ناوخۆی كوردستان، دەنگی تەقینەوەیەكی بەهێز لە نزيك گوندی عەزیزئاوای سلێمانی بیستراوە و ئاسایشیش رای گەیاندووە كە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستی پێ كردووە. 

ئەمشەو پێنجشەم 13ی حوزەیرانی 2024، درۆنێكی بۆمبڕێژكراو لە ناوچەی عەزیزئاوای سلێمانی كەوتووەتە خوارەوە و بەهۆیەوە دەنگێكی بەهێز بیستراوە. 

لای خۆشیەوە عەقید سەلام، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە چەند میدیایەكی راگەیاندووە، كە هۆكاری بیستنی دەنگە گەورەكە كەوتنە خوارەوەی درۆنێكی بۆمبڕێژكراوە لە ناوچەكە و لە ئێستەیشدا ئاسایش سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە. 

"وشە" ئەوەیشی زانیوە، كە بەهۆی كەوتنەخوارەوەی دڕۆنەكە ئاگر كەوتووەتەوە و تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵەیش "سەعات 10:30ی شەو بەكاتی هەولێر" هیچ زانیاری و راگەیەنراوێكی فەرمی لەبارەی هۆكاری رووداوەكە ئاشكرا نەكراوە.


وشە - پۆڵا مەحموود