لە هێرشێكدا سوپای ئەمەریكا حەوت راداری حووسییەكان وێران دەكات

:: AM:08:44:15/06/2024 ‌
سوپا ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رای گەیاند، شەوی رابردوو لە هێرشێكیدا حەوت راداری حووسییەكانی لەناو یەمەن وێران كردووە، ئەو رادارانەی بەهۆیەوە ئەو گرووپە چەكدارییەی سەربە ئێران، كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور دەكەنە ئامانج.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ شەموو 15ی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی بەیاننامەیەكی فەرماندەیی سەربازیی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست "سێنتكۆم"، بە مووشەكەكانی هێرش كردووەتەوە سەر حووسییەكان لە یەمەن و حەوت راداری وێران كردووە.

ئاماژەی داوە كە ئەو رادارانەی گرووپە چەكدارییەكەی یەمەن، هۆیەكن كە لە رێیانەوە كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور بكەنە ئامانج، بۆیە لە نیوەشەوی دوێنێدا بە مووشەك هێرش كراوەتە سەریان و وێران كران.

سێنتكۆم لە بەیاننامەكەیدا ئەوەشی ئاكرا كردووە، جیا لە وێرانكردنی حەوت رادارەكە، هاوكات لە ماوەی 24ی سەعاتی رابردوودا هێزەكانیان توانیویانە دوو بەلەم و فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان "درۆن" تێكبشكێنن.

لە مانگی نۆڤێمبەری رابردووەوە حووسییەكامی یەمەن كە سەربە ئێرانن، بە بیانووی پاڵپشتی لە بزووتنەوەی حەماس فەلەستینی كە لەگەڵ ئیسرائیل لە جەنگدایە، بە درۆن و مووشەك هێرش دەكەنە سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور، دواتریش ئەمەریكا و بەریتانیا لە چەندان هێرشیان بۆ سەر حووسییەكان، زیانی زۆریان پێ گەیاندوون، وێڕای ئەوەی تا ئێستەیش حووسییەكان لە هێرشەكانیان بەردەوامن.

ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكیشە حووسییەكانی یەمەن كە سەربە ئێرانن و ئەو وڵاتە پاڵپشتییان دەكات، هێرشەكانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە چڕتر كردووە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د