"زۆرینەی ئەو حاجیانەی لە سعوودیە گیان لە دەست دەدەن ئەوانەن كە بە نافەرمی چوونەتە حەج"

:: PM:05:53:18/06/2024 ‌
تەلەفزیۆنی فەرمی سعوودیە بڵاوی كردەوە كە حاجیانی ماڵی خوا لە كەشێكی گەرمای بەهێزدا فەریزەكانی حەج بەجێ دەگەیەنن كە كەشی گەرمای تاقەتپڕووكێن بووەتە هۆی گیان لە دەست دانی چەند حاجییەك لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا، بە شێوەیەك لەبەر سێبەردا پلەی گەرما گەیشتووەتە 51.8 پلەی سیلیزی لە حەرەمی مەكەدا. 

بەپێی ئامارەكان، لانی كەم 15 حاجی هەرێمی كوردستان گیانیان لە دەست داوە لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا، جگە لە كورد و  عێراقییەكان گیان لە دەستدان لە نێوان حاجیانی تەواوی وڵاتانی تریش ئەمساڵ دیاردەیەكی باوە، بە جۆرێك ئەوەی تێبینی دەكرێت بەپێی بەدواداچوونی ماڵپەڕی "بەغداد یەوم"ی عێراقی، زۆربەی ئەوانەی گیان لە دەست دەدەن، ئەو حاجییانەن كە بەرێگەی نافەرمیی و ڤیزەی گەشتیارییەوە چوونەتە سعوودیە، ئەمەیش بەهۆی ئەوەی ئەو حاجیانە وەك حاجییە فەرمییەكان لەلایەنی پێوەندارەوە رێنوێنی تەندروستیان پێ نادرێت و رێكارە تەندروستییە پێویستییەكان وەك حاجیە فەرمییەكان بەشێوەی پێویست نایانگرێتەوە. 

پەیوەیست بەم بابەتە، رۆژگار جەعفەر بەرپرسی راگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی كوردستان بە "رووداو"ی راگەیاندووە تا ئەمڕۆ 15 حاجی كوردی هەرێمی كوردستان گیانیان لە دەست داوە و لەو 15 حاجییە، 14یان بە رێگەی نافەرمییەوە حەجیان كردووە. 


لای خۆشییەوە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە ژێر ناونیشانی " حاجیان گیرۆدەی بڵێسەی خۆر دەبن و دەیان گیان لە دەست دان تۆمار دەكەن" راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و لە زاری وەزارەتی دەرەوەی ئوردنەوە بڵاوی كردەوە كە شەش هاووڵاتی ئوردنی بەهۆی بەركەوتنیان بە گەرمای بەتینەوە گیانیان لە دەست داوە، ئەمە لەكاتێكدا وەزارەتەكە بە فەرمی گیان لە دەستدانی 14 هاووڵاتی ئوردنی راگەیاند بێ ئەوەی هۆكارەكانی گیان لە دەستدانیان روون بكاتەوە. 

لەلایەكی ترەوە تۆڕی هەواڵی ئێرانی ئەمڕۆ سێشەم 18ی حوزەیرانی 2024 بڵاوی كردووەتەوە كە 11 حاجی ئێرانی لە سعوودیە گیانیان لە دەست داوە و 24ی تریش رەوانەی نەخۆشخانە كراون، بێ ئەوەی هیچ هۆكارێك بۆ گیان لە دەستدانەكان روون بكاتەوە. 

لای خۆشییەوە رۆژنامەی "لیمۆند"ی ئەندەنووسی بڵاوی كردەوە كە 136 هاووڵاتی ئەندەنووسی گیانیان لە دەستداوە، لەناو ئەو ژمارەیە تەنیا گیان لە دەستدانی سێ حاجیی روون كراوەتەوە و ئاماژە دراوە بەهۆی بەركەوتنیان بووە بە بڵێسەی بەهێزی خۆرەوە. 

پەیوەیست بەم بابەتە، جەمیل ئەبو عەین سەرپەرشتیاری گشتی كارگێڕیكردنی باری لەناكاو و فریاكەوتنی سەر بە وەزارەتی تەندروستی سعوودیە بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتووە كە سەرباری هەموو ئەمانە بەڵام دۆخەكە ئاساییە و هیچ زیادبوونێكی بەرچاو لە گیان لە دەست دان و نەخۆش كەوتنەوە بەدی ناكەین. 

ئەم بەرپرسە سعوودیە ئاماژەیشی كردووە كە لە ئێستەدا دوو هەزار و 700 حاجی لەژێر چاودێری دەستەكەیاننكە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما كەوتوونەتە نەخۆشخانەكان. 

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی سعوودیەیش بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی وڵاتەكەی راگەیاندووە كە دوێنێ "دووشەم" وڵاتەكە بەرزترین پلەی گەرمی بەخۆیەوە بینیوە و رێنوێنیمان بۆ حاجیان و میوانانی ماڵی "رەحمان" ئەوەیە كە خۆیان لە بەركەوتن بە تیشكی خۆر بپارێزن. 

وەزارەتەكە روونی كردووەتەوە كە رێنوێنییەكان بۆ خۆپاراستن ئاسانن و داوامان وایە كە لەكاتی زۆر پێویست نەبێت حاجیان نەچنە دەرەوە و چەترێكیش بگرن بە دەستیانەوە بۆ ئەوە حالەتەكانی بەركەوتن بەخۆر كەمتر ببێتەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود