گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، بوونی هێزەكانی پێشمەرگە هاوشانی هێزەكانی عێراق، رۆڵی كارای هەیە بۆ لەناوبردنی تواناكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، بۆیە بەردەوام دەبین لە پاڵپشتییان.
پێگەی "
شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم 19ی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، پاتریك رایدەر گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا "پنتاگۆن"، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، بەردەوام دەبین بە پاڵپشتیی هاوبەشەكانمان لە ناوچەكە، هاوكات هێزەكانی پێشمەرگە وەك پێشتریش بینیمان، رۆڵی كارایان هەبوو لە تێكشكاندنی داعش.
رایدەر زیاتر گوتی، پاڵپشتیمان بۆ پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی جارێكی تر ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە سەرهەڵنەداتەوە و كردە تیرۆریستییەكانی بەردەوام بكات.
روونی كردەوە، بوونی هێزەكانی پێشمەركە هاوشانی هێزەكانی عێراق زۆر كارا بوو، ئەوەمان لە دەیەی رابردوو بینی، هاوكات ئەوەشمان بینی كە ئەگەر ئەو دوو هێزە پێكەوە كار بكەن، بەهێزتر دەبن بۆ لەناوبردنی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە لە ناوچەكەدا.
دواتریش دووپاتی كردەوە، بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیی هەرێمی كوردستان و عێراق تا دیسان داعش نەگەڕێتەوە، مەبەستیش لەناوبردنی یەكجارەكیی رێكخراوە تیرۆریستییەكەیە.