هونەرمەند كیژان ئیبراهیم خەیات، نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی "مەستی خەیاڵ" لە كەناڵی یوتیوب بڵاو كردەوە.
هونەرمەندی گۆرانیبێژ كیژان ئیبراهیم خەیات، لەبارەی بڵاوكردنەوەی بەرهەمە نوێیەكەی بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو بەرهەمە نوێیەم لە تێكستی جەعفەر رەشادە، لە ستۆدیۆی هاوڕێ شاهین گۆرانییەكە تۆمار كراوە و ساسان سەمەد ئاواز و دابەشكردنی بۆ كردووە، میكس و ماسترینگی شەهباز شاهینپوور ئەنجامی داوە.
كیژان ئەوەشی گوت، ئەم كارە نوێترین بەرهەمی منە، كە گۆرانییەكی خاوە وەك هەموو گۆرانییەكانی ترم، ئەم گۆرانییەم لەڕووی ئاواز و دابەشكردنەوە زۆر تایبەتە و خۆم زۆرم خۆش دەوێـت، هیوادارم لای گوێگرەكانیشم تایبەت بێت و چێژی لێ وەربگرن.
گۆرانیبێژ كیژان ئیبراهیم خەیات، تەمەنی 39 ساڵە و خەڵكی سلێمانییە، ماوەیەكی زۆرە دەستی بەكاری هونەری كردووە و خاوەنی چەندان گۆرانییە، لە بنەماڵەیەكی هونەری گەورە بووە و هاوسەرەكەشی پەیكەرتاشێكی بەناوبانگە.