لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا لە شاری لەندەنی پایتەختی بریتانیا، "کۆنفرانسی نێونەتەوەییی زمانی دایک لە لەندەن" بەڕێوە دەچێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم، 20ی حوزەیران، زیرەک ژێدار، یەكێك لە سەرپەرشتیارەكانی كۆنفرانسەكە بە "وشە"ی گوت، بە مەبەستی پاراستن و گەشەپێدانی زمانی دایک، بە تایبەتی زمانی شیرینی کوردی، ڕێکخراوی کانگا لە شاری لەندەن لە وڵاتی بریتانیا، یەکەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەییی زمانی دایک بە دروشمی "ڕۆنەچوون، پاراستن و بووژاندنەوەیەکی بەردەوام" بەڕێوە دەبات.
ئەوەشی خستە بوو، كۆنفرانسەكە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە شارەزایانی زمان، نووسەر، ئەکادیمیست و مامۆستایانی زمانی کوردی بەڕێوە دەچێت.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئەم کۆنفرانسە لە ڕۆژانی 22 و 23ی حوزەیران لە شاری لەندەن بەڕێوە دەچێت و لە كۆتایی کۆنفرانسەکەدا، پوختە و سەرئەنجامی پانێل و کۆبوونەوە و گەنگەشە زانستییەکان، وەک راپۆرتێکی گشتگیر دەخرێتە بەردەست حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تەواوی لایەنە پێوەندیدارەکانی زمانی دایک، بەمەبەستی پاراساتن و گەشەپیدانی زمانی کوردی لە کوردستان و تەواوی جیهاندا.
ماوەی چەند ساڵێكە، لەلایەن خەمخۆرانی زمانەوە بە پرۆژە و كۆنفرانس یان توێژینەوە و كتێبی جیاواز، هەوڵەكان بۆ پێشخستنی زمانی كوردی و ڕزگاركردنی لە تەنگژەكانی بەسەریدا دێت چڕ بوونەتەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە ڕوانگەی بایەخی زیاتری بەو لایەنە، ئەكادیمیای كوردی نوێ كردەوە و چەندان بڕیاریش لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بایەخدان بە زمانی دایك لە شوێنە گشتی و فەرمی و بازگانییەكان دراوە و لە سەرەنجامدا لە ماوەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتدا، سەتان ڕێوشوێنی جۆراوجۆر لەو بوارەدا گیراوەتە بەر.