هەفتەی داهاتوو بەتەواوەتی دەكەوینە ناو وەرزی هاوین، كەشناسێك پێشبینی ئەوە دەكات كە لە دووشەم و سێشەمی داهاتوو كەشوهەوا دەگۆڕێت، بەشێوەیەك پلەكانی گەرما دادەبەزن و ئەگەری نیوچە بارانی لە هەرێم هەیە.
واسق سەلامی، كەشناس ئاماژە دەكات، هەفتەی داهاتوو ئەو بارستە هەوا گەرمەی هەیە روو لە پاشەكشە دەكات، وا دەكات بارستە هەوایەكی سارد لە چینەكانی سەرەوە دروست ببێت و لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و باكور دڵۆپی بارانی لەگەڵدا بێت.
دووپاتی كردەوە، ئەو بارستە هەوا ساردە دەبێتە هۆی دابەزینی پلەكانی گەرما و سووكبوونی ئەو گەرما بەتینەی هەیە، بەتایبەتی لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و باكور و ناوەڕاست و رۆژئاوای عێراق، ئەوەش لە رۆژانی دووشەم و سێشەمی هەفتەی داهاتوو.
ئەمڕۆ پێنجشەك وێستگەی "بلاسێرڤل" لە كالیفۆرنیای ئەمەریكا بڵاوی كردەوە، لە ماوەی 24 سعاتی رابردوو لەسەر ئاستی دنیا هەشت شار و ناوچەی عێراق گەرمترینی دنیا بوون، ئەوەش لە كۆی 15 گەرمترین ناوچە.
بەپێی خشتەكەی بڵاو كراوەتەوە، شاری عیمارە لە پلەی یەكەم دێ وەك گەرمترین ناوچە و پلەی گەرمی گەیشتووەتە 50.5 پلەی سەتی، ئینجا شارەكانی ناسرییە و سەماوە و بەسرە و كەربەلا و رەفاعی و فاو و كوت.