لەو كاتەی خەڵك بە موبەریدە و سبلیت و لەژێر كاریگەریی وریاكردنەوەی كەشناس و دەزگەكانی كەشناسی بۆ خۆپاراستن لە گەرما پێشوازی لە وەرزی هاوین دەكەن، زانا هۆڵەندییەكە دەركەوتەوە و باسی ئەوە دەكات كە لە رۆژانی داهاتوو بوومەلەرزەیەك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە لە عێراق روودەدات.
ئەمڕۆ پێنجشەم
فرانك هۆگربیتس، زانای هۆڵەندی لە تۆڕی ئێكس نەخشەیەكی ئەو ناوچانەی بڵاو كردەوە كە پێشبینی دەكرێت لە رۆژانی داهاتوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوومەلەرزەیان تیادا رووبدات و نووسیویەتی، پێ دەچێت كەشوهەوای نائاسایی لەو بەشەی زەوی بەردەوام بێت، وەك ئاماژەیەك بۆ ناوچەی رۆهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو نەخشەیەكی ناوچەكەی داناوە، بەتایبەتی لە باشوور لە یەمەن و كەنداوی عەدەن و بەرەو باكور عێراق و توركیا و سووریا و ئێران.
دوێنێش ئەو زانایە لە تۆڕی ئێكس پۆستێكی تری كردبوو و باسی كەوتنە سەر یەك هێڵی زەوی و عەتارد و زوهرەی كرد، جیا لە مانگ و مەریخ، ئەوانەش چالاكییەكی بەهێزی بوومەلەرزە لە رۆژانی كەمی داهاتوو دروست دەكەن.
ئەگەرچی شارەزایان دووپات لەوە دەكەنەوە كە بەهیچ شێوەیەك پێشبینی روودانی بوومەلەرزە لە رووی كات و شوێن و گوڕەكەی ناكرێت، بەڵام ئەو زانا هۆڵەندییە لەسەر بنەمای كاریگەریی ریزبوون و كەوتنە سەر یەك هیڵی هەسارەكان لەسەر چینەكانی زەوی و جووڵانەوەیان پێشبینی روودانی بوومەلەرزە دەكات، هەندێك جار قسەكانی وا دەرچووە و هەندێك جاریش رووی نەداوە.