گەورەترین ڕووداوەکانى وەرزى حەج

:: PM:12:24:21/06/2024 ‌
بەگوێرەی ئامارێک کە نزیکەی 10 وڵات لە ڕێگەی بەیاننامەی فەرمی یان دیپلۆماتکارانیان بەشداربوونە لە گەڕان بەدوای قوربانییەکانى حەجى ئەمساڵ بڵاویان کردووەتەوە، ژمارەی گیان لەدەستدان گەیشتووەتە هەزار و 81 کەس، کە بریتین لە 658 میسڕی، 183 ئەندەنووسی، 68 هیندی، 60 ئوردنی، 35 تونسی ، 35 پاکستانی، 13 عێراقى، 11 ئێرانی، 14 مالیزی، سێ سەنیگالى و یەک سوودانی.

ئەم ژمارەیەى ئەمساڵ لە وەرزى حەجدا کۆچی دواییان کردووە، هەموویان بەهۆی بەرزى پلەکانى گەرماوە بووە، جگە لە یەک کەس کە بەهۆى قەرەباڵغییەوە بریندار بووە و دواتر گیانى لەدەست داوە. زانایان دەڵێن لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جیهان، دۆخەکە زۆر خراپتر دەبێت.

ئەمە یەکەمجار نییە کە حاجییان لە کاتی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمەکاندا بە هۆکاری جۆراوجۆر گیان لەدەست دەدەن. جگە لە گەرما، قەرەباڵغی و فڕێدانی بەرد لە کاتى رەجمکردنى شەیتان لە هۆکارەکانى ترن کە حاجییان بەهۆیەوە گیان لەدەست دەدەن.

لە خوارەوە دیارترین ڕووداوە گەورەکان لە وەرزی حەجدا ئەمانەن:

ساڵى 2015 گەورەترین کارەسات لە وەرزی حەجدا ڕوویدا، کە تیایدا نزیکەی 2300 کەس لە کاتی بەردبارانکردنی شەیتان گیانیان لەدەست دا، کە 464 هاووڵاتیی ئێرانی بوون، ئێران سعوودیەى تاوانبار کرد بەوەى کەمتەرخەم بوونە لە ڕێکخستنى ڕێوڕەسمەکە.

ساڵى 2006 بەهۆی داڕمانی هۆتێلێک لە ناوەڕاستی شاری مەکە، 76 کەس گیانیان لەدەست دا. لەلایەکى تر 364 حاجیی تر لە کاتی بەردبارانکردنی شەیتان بەهۆى پاڵەپەستۆوە گیانیان لەدەست دا.

ساڵى 2004 251 حاجی لە مینا بەهۆى پاڵەپەستۆوە گیانیان لەدەست دا.

ساڵى 2001، 35 حاجی لە مینا گیانیان لەدەستدا کە 23یان ژن بوون.

ساڵى 1998 لە مینا زیاتر لە 118 کەس گیانیان لەدەستدا و 180 کەسی تریش برینداربوون.

ساڵى 1997 لە ئەنجامى تەقینەوەى سۆپاى غاز، ئاگرکەوتنەوەیەک لە شوێنى نیشتەجێبوونی زیارەتکاران لە شاری مینا کەوتەوە، بەهۆیەوە 343 کەس کوژران و نزیکەی 1500 کەسیش برینداربوون.

ساڵى 1994 لە کاتی بەردبارانکردنى شەیتان 270 کەس گیانیان لەدەستدا.

ساڵى 1990 لە تۆنێلێکى شارى مینا بەهۆى تێکچوونی سیستمی هەواگۆڕکێ، هەزار و 426 حاجى گیانیان لەدەست دا.

ساڵى 1987 هێزە تەناهییەکانى سعوودیە هێرشیان کردە سەر حاجییانى بێ مۆڵەتى ئێرانى و لە ئەنجامدا زیاتر لە 400 کەس گیانیان لەدەستدا کە 275 کەسیان ئێرانی بوون.

ساڵى 1979 سەدان چەکدار هێرشیان کردە سەر مزگەوتی گەورە و دەیان حاجییان بە بارمتە گرت، دواتر بەهۆى ئۆپەراسیۆنى هێزە تەناهییەکان بووە هۆى کوژرانى 153 کەس و برینداربوونى 560 کەس.

ساڵى 1975 ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە بەهۆی تەقینى بتڵێکی غازەوە دروست بوو، بەهۆیەوە نزیکەى 200 حاجى کوژران.


وشە - رزگار خدر