دۆخی عێراق تێكدەچێت و سەرۆك وەزیران هۆشداریی دەدات

:: PM:01:29:22/06/2024 ‌
لەگەڵ ڕاگەیاندنی كۆتاهێنان بە ئاگربەست لەلایەن گرووپە میلیشیاكانی عێراقەوە، هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سووریا، مەشق و ڕاهێنانەكانیان بە چەكی قورس و دژەمووشەك چڕتر كردووەتەوە. 

 گرووپێكی میلیشیاكانی عێراق ڕای گەیاند، كۆتاییان بە وادەی ئاگربەست هێناوە و هەوڵی وەدەرنانی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەدەن.

بەپێی زانیارییە میدیایەكان، هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ماوەی 24 سەعاتی ڕابردوودا، مەشق و ڕاهێنانە سەربازییەكانیان لە بنكەی سەربازیی كێڵگەی نەوتی عومەر، كێڵگەی گازی كۆنیكۆ، كێڵگەی نەوتی جفرە لە دێرەزووری سووریا بە چەكی قورس و دژەمووشەك چڕ كردووەتەوە.

مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، ئەمەریكا لەڕێی فڕۆكەیەكی جەنگی، هێرشی كردووەتە چەند ناوچەیەك لە سنووری نێوان عێراق و سووریا، تا ئێستە ئەوەی دیارە چەكدارێكی ئەو گرووپە كوژراوە.

بڕیاری بەرەی مقاوەمەی عێراق بۆ كۆتاهێنان بە ئاگربەست لەگەڵ هێزەكانی ئەمەریكا، نیگەرانیی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەشێك لە سەركردە شیعییەكانی لێ كەوتووەتەوە و مەترسییان هەیە جارێكی تر گرژی و پێكدادان ڕوو بدات.

ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" لە زاری چەند سەرچاوەیەكی باڵای سیاسیی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، لەگەڵ سەركردەكانی بەرەی مقاوەمە لە پێوەندیدان بۆ ڕێگریی لە سەرهەڵدانەوەی گرژییەكان و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی لەسەر حكوومەت و خەڵكی عێراق.

ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەش داوە، محەمەد شیاع سوودانی نیگەرانە لە هەنگاوەكانی گرووپە چەكدارەكان و بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بۆ كۆتاهێنان بە دۆسیەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا، پێی وایە پێداگریی لەو بابەتە ئاڵۆزییەكان لە عێراق دەخاتە ئاستێكی مەترسیدار.

 عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشتری عێراق، هەڵوێستی بەرەی مقاوەمە دەبەستێتەوە بە گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لبنان و ڕای گەیاند، گەردەلوولی سێیەم و چوارەم چاوەڕێمان دەكات، ئەمجارە گەردەلوولی حەسەن نەسروڵایە.

لەلایەكی ترەوە هێزەكانی سووریای دیموكراتیش بەدرێژایی ڕووباری فورات لە دەوروبەری دێرەزوور، بەرانبەر ئەو ناوچانەی دەكەونە ژێر كۆنترۆڵی سوپای سووریا و گرووپە چەكدارەكانی سەربە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی سووریا، چەكی قورس و خاڵی سەربازییان داناوە و چەكی قەناسیان تێدا جێگیر كردوون.

ویسام عەگید چالاك لە دێرەزوور بە سایتی عەرەبی ئەلجەدیدی ڕاگەیاندووە، ڕۆژی پێنجشەمی ڕابردوو ئێران لە ڕێی دەروازەی سنووری قائیمەوە لە عێراق، كاروانێك هاوكاریی سەربازی كە پێكهاتبوو لە 10 بارهەڵگر لەگەڵ شەش ئۆتۆمبێلی جۆری پیكئاپ، گواستووەتەوە بۆ بنكە و سەربازگەكانی بیابانەكانی ئەلبوكەمال و مەیادین، ئەو بارهەڵگرانە هاوكات لەگەڵ كاروانێكی حاجییانی عێراق چوونەتە ناو خاكی سووریا.



وشە - سۆران عەزیز