مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، لەگەڵ حووسییەكانی یەمەن پێكەوە هێرشی هاوبەشیان كردووەتە سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە بەندەری حەیفا و دەریای ناوەڕاست و زیانیان پێ گەیاندوون.
پێگەی "
شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم 23ی حوزەیران، مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق لە بەیاننامەكەیدا روونی كردووەتەوە، لەگەڵ حووسییەكانی یەمەن بە هاوبەشی، لەڕٍێی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە هێرشیان كردووەتە سەر كەشتییە بازرگانییەكانی بەندەی حەیفا و دەریای ناوەڕاست.
مقاوەمە زیاتر دەڵێ، لە هێرشی یەكەمیاندا چوار كەشتیان لە بەندەری حەیفا كردووەتە ئامانج، لە هێرشی دووەمیشدا كەشتیی یان لە دەریای ناوەڕاست كردووەتە ئامانجی كە ویستوویەتی بچێتە بەندەری حەیفا.
دواتریش ئاماژەی داوە كە لە هەردوو هێرشەكانیاندا توانیویانە ئامانجەكانیان بپێكن و زیان بگەیەنن.
مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق كە لەوەتەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەزەی فەلەستینی دەستی پێ كردووە، ئەوانیش بە مووشەك و درۆن وەك پاڵپشتی بۆ هاووڵاتییانی غەزە، هێرش دەكەنە سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكایش لە ناوچەكە.
لە مانگی نۆڤێمبەری رابردووەوە حووسییەكامی یەمەن كە سەربە ئێرانن، بە بیانووی پاڵپشتی لە بزووتنەوەی حەماس فەلەستینی كە لەگەڵ ئیسرائیل لە جەنگدایە، بە درۆن و مووشەك هێرش دەكەنە سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور، دواتریش ئەمەریكا و بەریتانیا لە چەندان هێرشیان بۆ سەر حووسییەكان، زیانی زۆریان پێ گەیاندوون، وێڕای ئەوەی تا ئێستەیش حووسییەكان لە هێرشەكانیان بەردەوامن.