سەڵاحەدین دەمیرتاش رۆمانێكی نوێ بە هاوبەشی لەگەڵ ییت بەنەر بە ناونیشانی "دوێتێك لە دۆزەخدا" بڵاو دەكاتەوە.
دەزگای چاپەمەنیی دیپنۆت كە سەرجەم كتێبەكانی پێشووی دەمیرتاشی بڵاو كردووەتەوە، ڕۆمانەكە لە ئایندەیەكی نزیكدا دەخاتە بازاڕەوە و رای گەیاندووە، "رۆمانەكە لەلایەن دوو نووسەرەوە كە هیچ كاتێك یەكتریان نەبینیوە، نووسراوە".
فەرهاد چۆمانی وەرگێڕی كتێبەكانی دەمیرتاش بۆ سۆرانی نووسیویەتی، دوو نووسەر بێ ئەوەی هەرگیز یەكتریان بینیبێت، بەیەكەوە ڕۆمانێك دەنووسن. یەكێك لەوان لە گرتووخانەیە، بەڵام كوانێ چ دەتوانێ بەر بە خەیاڵ و داهێنان و هەڵقە تێككێشان و چنینی ئەدەب بگرێت، چ دەتوانێ ببێتە پڵپڵە و كۆتەك و زنجیر.
وەرگێڕ ئاماژەی بەوەش داوە، ئەمجارە سەڵاحەدین دەمیرتاش بە ئەزموونێكی ترەوە، بە كارێكی هاوبەش و دوێتی ڕووداوی تێكهەڵكێشی سەیر و ئاڵۆز و ڕووداوەكانی ناوخۆی توركیامان لەگەڵ ییت بەنەر بۆ دەكەن بە ڕۆمانێكی تایبەت بە ناونیشانێكی تا بڵێی سەرنجڕاكێش "دوێت لە بەرزەخ". شەشی تەمووز لەلایەن دەزگای دیپ نۆت لە توركیا بڵاو دەبێتەوە.
سەڵاحەدین دەمیرتاشی پارێزەر، سیاسەتمەدار و نووسەر، ساڵی 1973 كە لە شارۆچكەی پاڵوی پارێزگای خارپێتی باكوری كوردستان لە دایك بووە، لە دۆسیەی كۆبانێدا سزای 42 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە و ماوەی هەشت ساڵە لە گرتووخانەی ئەدیرنە دەستبەسەرە.
ییت بەنەر نووسەر و وەرگێڕ، لە ساڵی 1958دا لە برۆكسل لە دایك بووە، باوكی نووسەر بووە. خۆی چەندان بەرهەمی لە فڕەنسییەوە كردووەتە توركی و ژمارەیەك بەرهەمی وەك رۆمان، چیرۆك و كتێبی منداڵانی نووسیوە. كتێب و گوتارەكانی بۆ زمانی فڕەنسی هاتوونەتە وەرگێڕان و لە فڕەنسا بڵاو كراونەتەوە.