چیڕۆکى ئەو منداڵەى باوکى خەڵەتاند و خۆی گەیاندە لاى ڕۆناڵدۆ

تەوال
:: PM:06:57:23/06/2024 ‌
دوێنێ شەموو 22ى حوزەیران، لە یاری نێوان هەردوو هەڵبژاردەى پرتوگال و تورکیا لە قۆناغى دووەمى کۆمەڵەکانى یۆرۆى 2024، چەند هاندەرێک خۆیان گەیاندە ناو گۆڕەپانى یاریگا لەناویاندا منداڵێک بوو کە توانی سێڵفییەک لەگەڵ کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بگرێت.

لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا، لە دیمەنێکدا منداڵێک دەرکەوت کە لە یاریگادا ڕادەکات، هێزەکانى چالاکە مەدەنییەکان هەوڵ دەدەن بیگرن، بەڵام منداڵەکە سەرکەوتوو بوو لەوەى خۆى بگەیەنێتە لاى ئەستێرەى پرتوگالى کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و وێنەیەکى سێڵفى لەگەڵ بگرێت.

ڕۆژنامەی "بیڵد"ی ئەڵمانی چیڕۆکى هاتنە ناو یاریگاى ئەو منداڵەى ئاشکرا کرد کە ڕۆناڵدۆ بە باوەش پێشوازى لێ کرد و وێنەى لەگەڵ گرت.

ڕۆژنامەکە دەڵێ، ئەو منداڵە ناوی "بێرات"ە بە ناچارى درۆیەکی سادەى لەگەڵ باوکی کردووە کاتێک بەیەکەوە لەناو یاریگا بوونە بۆ سەیرکردنى یارییەکە.

ڕۆژنامەکە ئاشکراى کردووە، کە منداڵەکە بە باوکى گوتووە دەچم بۆ تەوالێت و دەستشۆر، بەڵام لەپڕ خۆى گەیاندووەتە گۆڕەپانى یاریگا.

باوکى منداڵەکە دەڵێت، نەمدەزانى کوڕەکەم نیازى چییە و چی دەکات. پرسیاری لێ کراوە کە ئایا ڕێگە دەدات جارێکى تر کوڕەکەى ئەم کارە دووبارە بکاتەوە؟ باوکەکە گوتویەتى "نەخێر؛ چونکە زۆر دەترسام لەوەى تووشی سزایەکى مادى گەورە ببم".


وشە - رزگار خدر