رۆژنامەنووسێكی بنكۆڵكار لەگەڵ بڵاو كردنەوەی چەند بەڵگەنامەیەكدا، بەدواداچوونێكی رۆژنامەوانی بۆ بەشێك لە قاچاخچییەتی دووگ و جگەری بەستوو كردووە كە لە سنووری سلێمانیدا ئەنجام دەدرێت. بەپێی بەڵگەنامەكانی دەست رۆژنامەنووسەكە كەوتووە دەركەوتووە، بەشێك لە مامۆستایانی بەناو ناڕازی شەریكی ئیدارەی گشتیی یەكێتین لە قاچاخچییەتی دووگ و جگەری بەستوو. ئاشكرایشی كردووە، كارەكان بە ئاگەداری و هاوكاری سەركردەیەكی حەشدی شەعبی بووە.
ئەمشەو یەكشەم 23ی حوزەیرانی 2024، بەشدار بازیانی كە رۆژنامەنووسێكی بنكۆڵكاری سلێمانییە، بڵاوی كردووەتەوە، وەك ئەرکێکی "سەحەفیانەم" و بێ هیچ لایەنگیرییەک و بەپێی ئەو بەدواداچوون و لێکۆڵینەوانەی من کە لە چەند مانگی ڕابردوودا مەیدانی کردوومن، دوو ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی خەریکی کاری قاچاخچییەتی و هێنانی (دووگ و جگەری بەستووی قاچاخ و ڕێگەپێنەدراو بوون و هەن) لە رێگەیشیەوە ژیانێکی باشیان پێکەوە ناوە. ئاشكرایشی كردووە، بەم هۆیەوە بوونەتە خاوەنی ئۆتۆمبێلی "فەخم" و خانووی "ڕاقی".
بەپێی بەڵگەکانی رۆژنامەنووسەكە، دوو مامۆستای بەناو ناڕازی هاوپشک و شەریکی ئیدارەی گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانن و بە مۆڵەتی کۆمپانیایەکی هاوردەکار بەناوی "ع،ص.م" دەچن لە تورکیا و ئێران دووگ و جگەرى قەدەغەکراو دەکڕن و بەڕێگای مەرزی باشماخ "بناوەسووتە+ڕێگای سەرەوە" بە "ئیتفاق" بۆیان داخل دەکرێت.
بازیانی لەگەڵ بڵاوكردنەوەی بەڵگەنامەكاندا زیاتر نووسیوویەتی، بارە جگەرى بەستوو و دووگەکان لەکۆنتێنەرە ئێرانییەکان دادەگیرێن لەدیوی ئێران و دواتر دەخرێنە نێو کۆنتێنەرە کەپسە بەڕادەکان و بەشێوەی ڕێککەوتنی پێشوەختە "ڕێککەوتن لەگەڵ ئیدارەی گشتی بۆ هەر کۆنتێنەرێک بڕی 12 هەزار و 500 دۆلار واتا دەفتەرێک و بیست و پێنج وەرەقە" تەنها بۆ داخلکردنەکەی و باج نەدان، بە هۆکاری ئەوەی ئەو دووگ و جگەرە بەستووانە قاچاخن.
لەبارەی میكانیزمی ئاودیوكردنەكەیشەوە، زیاتر روونی كردووەتەوە، کۆنتێنەری دووگ و جگەرە قاچاخەکەی دوو ئەندامەکەی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی، بە دوو بازگەدا گوزەر دەکات و شۆفێرەکە کاخەزێک کە وەسڵێکی بچووکە نیشانی پۆلیسەکە دەدات، کە لەسەری نوسراوە 009 ئیتیفاق، بە مۆرێکەوە و دەیگەنێتە سلێمانی بەسەلامەتى بۆ كۆگایەك لە "هوانە" و بەشەکەی تریشی لە ڕێگای کۆمپانیای "سەروەر ئەحمەد سەروەر" دەنێردرێت بۆ بەغداد و ساخکردنەوەی لەو ناوچانەدا لە سلێمانی بە کفری دا دەڕوات پاشان بەغدا.
لە درێژەی بەدواداچوونە بنكۆڵكارییەكدا هاتووە، بۆ داخلکردنی بارەکان پێویستیان بە مۆڵەتی ڕێگەپێدانی گومرگی ناوەند بوو، هەر بۆیە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 26ی ئۆکتۆبەری 2023ی بەغدا (رەيان سالم صادق الكلداني، سەرکردە لە هێزی بابیلۆن) بەڵێنی هاوکاریان پێ دەدات لە بەرانبەر گوشارکردن و فراوانترکردنی بازنەی خۆپیشاندانەکان لە کوردستان، دواتر لە بەرانبەر هاوکارییەکانی دیاریی پێدرا، هەر بۆیە کۆنتێنەرەکان لەوێش بە ناوی "رخصة خاص" بەبێ باج دەرباز دەکرێن.
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی دەست بەشدار بازیانی كەوتووە، بەڵگەنامەی یەکەم:
بارێکی گەورەی دووگ و جگەرە، جارێک لە ناوچەی "صناعەی" سلێمانی لەبەر خراپی و قاچاخی دوای گەیشتنی هەواڵی نهێنی بە لایەنە پێوەندارەكانی سلێمانی، دەستی بەسەردا گیرابوو، بەڵام ئیدارەی گشتی تەداخولی کرد "بەرپرسێکی ئیدارە تەلەفۆنی کرد و بارەکە ئازاد كرا ڕەوانە کرا و حکوومەتی خۆجێی سلێمانیش نەیتوانی باسی بکات یان رای بگەیەنێت لە رۆژنامەكاندا".
بەڵگەنامەی دووەم:
کە ناوی بازاڕی دۆلارەکەی لە سەرە ، ئەو نووسینگە و ئەو كەسەیە کە رێككەوتنیان بۆ دەکات و پارەی کۆنتینەرە داخلبووەکان وەردەگریت.
لەبارەی بەڵگەنامەی دووەمەوە، رۆژنامەنووسەكە بە تەنزەوە نووسیوویەتی، خۆم تەلەفۆنم بۆ نووسینگەكە کرد لە ڕێگای کەسێکەوە گوتی: فەرموو بارت هەیە برام؟ منیش لە وڵامدا گوتم نا خۆ مامۆستای ناڕازی نیم!.
بازیانی روونی كردووەتەوە، من شەوی 12/....2024، خۆم چوومە نێو کۆنتێنەرەکانی دووگ و جگەرەکان لە مەرزی باشماخ و ئەم وێنانەم وەکو بەڵگە هێنایەوە، بۆ ئەم ئیشە و وەکو ئەرکێکی "سەحەفیانەش" تۆماری دەنگیشم لایە، بەڵام لەبەر سەلامەتی گیانی خۆم بڵاوی ناکەمەوە و بۆ دادگاییەکەم بەکاری دەهێنم.
لە كۆتایی راپۆرتەكەیشدا، رۆژنامەنووسە بنكۆڵكارەكەی سلێمانی بە چەند تێبینییەك روونی كردووەتەوە، كە ئامانجی لە بڵاوكردنەوەی مەلەفی مامۆستایانی ناڕازی دژایەتیی كردنیان نییە، بەڵكو جیاكردنەوەی چاك و راستیانە لە خراپ و قاچاخچییەكانیان و ئەوانەی شەقام و مافی مامۆستایانیان وەك یارییەك سەیر كردووە و بەرژەوەندیخواز و هەلپەرەستەكانیان و ئەوانەی شەقامیان بەكارهێناوە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی.
لە بەشێكی تری تێبینییەكاندا نووسیوویەتی، ناوی دوو مامۆستا قاچاخچیەکەم نەهێناوە بە ئامانجێکی تایبەت و ئەگەر ئەوانیش "ئیعترازیان" هەیە با بچینە دادگا و یاسا، بە تایبەت کە بەشێک لە سەردانی ئەم دوو مامۆستایە بۆ بەغدا بۆ ساخکردنەوەی دووگ و جگەر بووە نەک مافی مامۆستایان.
لە درێژەی تێبینییەكانی رۆژنامەنووسەكە هاتووە، پاشان دەنگی ناو ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەیانم لایە، ئەوەی ڕێگەی بەغدا لەگەڵ دەنگی دانیشتنی شەوەکەی ماڵی پەرلەمانتار (ی،ر.ر) ئەوەی داوایان کردبوو كڕیاری دووگیان بۆ بدۆزیتەوە و ئەویش لێیان توڕە ببوو پێیانی گوتبوو كە من خیانەت ناكەم.