دادگای ناوەندی قتوور لە پارێزگای غەربییەی میسر، لە لێكۆڵینەوەدایە لەبارەی كوشتنی ئەندامانی خێزانێك و دواتر سووتاندنیان. بكوژیش ئەندامی خێزانەكەیە و ەەك پۆلیس رای گەیاندووە، كێشەی دەروونی هەیە و تا ئێستەیش نەگیراوە.
پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "
ئەهرام"ی میسری، ئەمڕۆ دووشەم 24ی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، گەنجێك لە ناوچەی قتووری سەربە پارێزگای غەربییەی میسر، دایك و برا و خوشكێكی لەناو ماڵەكەی خۆیاندا كوشتووە و پاشان سووتاندوونی، دواتر خۆی هەڵاتووە و تا ئێستە نەگیراوە. پۆلیسی ناوچەكە دەڵێن بكوژ كێشەی دەروونی هەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئەو ناوچەیە، لەلایەن هاووڵاتییانی ناوچەكە ئاگادار كراوەتەوە كە تاوانی گەورە لە قتوور رووی داوە، دوای گەیشتنی ئاسایش و پۆلیسی ناوچەكە بۆ شوێنی تاوانەكە، دەركەوت ژنێك و كوڕ و كچێكی لەناو ماڵەكەی خۆیاندا كوژراون و پاشان سووتێنراون، لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا ئاشكرا بووە بكوژی ئەو خێزانە، كوڕێكی خۆیان بووە و دوای كردەكەی، هەڵاتووە و تا ئێستە نەگیراوە.
پۆلیس دەڵێ لە هەوڵی رژددان تا بكوژ بگرن، بەڵام بەپێی لێكۆڵینەوە ئاشكرا بووە كە تاوانبارەكە نەخۆشیی دەروونیی هەیە و تا ئێستە دیار نییە بەرەو كوێ هەڵاتووە.
دواتریش ئاماژە دراوە كە تەرمەكان بۆ نەخۆشخانەی ناوچەكە و پزیشكی داد گوازراونەتەوە و لێكۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەكە دەكرێت.