دوای سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییەكەی هونەرمەندی بواری نواندن و سینەما و شانۆی كوردی زاهیر عەبدوڵا، بڕیارە ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بكرێت و نەشتەرگەریی بۆ بكرێت.
هونەرمەند زاهیر عەبدوڵا لە ماڵەكەی خۆی لە هەولێر قسەی بۆ چەند میدیایەك كرد، لەناویشیاندا پەیامنێری "وشە" ئامادەبوو رای گەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی ڕۆشنبیری و سەندیكای هونەرمەندان و هەموو لایەك لەسەر هێڵن بۆ چارەی نەخۆشییەكەم و سوپاسی هەموویان دەكەم.
بڕیارە بەمزووانە بۆ چارەسەری نەخۆشییەكەی، هونەرمەند ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بكرێت، لەمبارەوە گوتی، وێڕای سوپاسكردنی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە، ئەگەر گەڕامەوە لە دەرەوەی كوردستان و نەمردم، دەمەوێت سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەم و لە نزیكەوە سوپاسی بكەم بۆ پەرۆشییان و هەواڵپرسینی بەردەوامیان لە دۆخی تەندروستی من.
بەپێی ڕاپۆرتە پزیشكییەكان كە چەند نوژدارێكی پسپۆڕ لە شێرپەنجە بۆیان كردووە، پێیان ڕاگەیاندووە دەبێت ڕاستەوخۆ ببرێتە دەرەوە و لە توركیا نەشتەرگەریی بۆ بكرێت، چونكە ئێستە تەندروستی بەرەو خراپی دەڕوات، تەنانەت توانای ڕۆیشتن و وەستان لەسەر قاچەكانی نەماوە و تەواو بێهێز بووە.
شێرپەنجەكەی ئەمجارە لە سەری هونەرمەند زاهیر عبدوڵای داوە و گرێیەكە و دەبێت بەزوویی دەربهێنرێت.
هونەرمەند زاهیر عەبدوڵا خدر لە ساڵی 1958 لە گەڕەكی تەیراوەی هەولێر لە دایك بووە، یەكێكە لە هونەرمەندە دیارەكانی كوردستان كە لە چەندان دراما و شانۆدا بەشداریی كردووە.
هونەرمەند زاهیر عەبدوڵا لە ساڵی 1972 بۆ یەكەمجار بەشداریی شانۆگەرییەكی كردووە بەناوی "ئەنجامی پوولپەرستی" دواتر بەشداریی دەیان شانۆگەری، دراما و فیلمی سینەمایی كردووە.