ئاگرین عەبدوڵا، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تیشك دەخاتە سەر كار و پرۆژەكانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم لە بواری رێگەوبان و لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا ئاماژە دەكات، لەو ماوەیەدا بە سەتان پڕۆژە جێبەجێ كراون و بە هەزاران كیلۆمەتر قیر و جادە كراوە، بودجەی پڕۆژەكانیش بە نزیكەی دوو تریلیۆن دینار بووە.
*بۆ ئەمساڵ تا چەند پڕۆژەكانی بواری رێگەوبان كاریان تێدا كراوە؟
بەپێی ئەو داهات و بودجەی لەبەردەستمان بووە، لە بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی ئاسایی و داهاتی وێستگەكانی كێش، پڕۆژەی رێگەوبان جێبەجێ كراون و چەندین رێگەی نوێ دروست كراون و قیر كراون، پڕۆژە هەبووە ئەمساڵ دەستی پێ كردووە و هەر ئەمساڵیش تەواو بووە، بەشێك لە پڕۆژەكان كاریان تێدا دەكرێ و بەشێكیشیان لە تەواوبوونن، بەگشتی ئەمساڵ لە بواری رێگەوباندا كاری باش كراوە.
*وەك داتا ژمارە و بودجەی پڕۆژەكانی ئەمساڵ چەند بووە؟
پڕۆژەكانی رێگەوبان كە بۆ ساڵی 2024 كاریان تێدا كراوە، ژمارەیان 203 پڕۆژەیە و گوژمەی گشتیی ئەو پڕۆژانە سەرو سێ تریلیۆن دینار بووە، ئەو پارەشی كە بۆیان تەرخان كراوە 240 ملیار دینار بووە، ئەمەش شتێكی زۆر باشە كە لەمساڵدا دەكرێ و حكوومەتیش گرنگی بە كەرتی رێگەوبان داوە، بەو پێیەی هەرێمی كوردستان پێویستی زیاتری بە چاككردن و دروستكردنی رێگەوبان و قیری نوێ هەیە.
*ژمارەی ئەو پڕۆژانەی رێگەوبان كە لەماوەی كابینەی نۆدا جێبەجێ كراون چەند دەبن؟
ئێمە لەسەر سێ جۆر بودجە پڕۆژەی رێگەوبان كار دەكەین، بودجەی وەبەرهێنان لەگەڵ بودجەی ئاسایی و داهاتی 30%ی وێستگەكانی كێش جیاوازە، ساڵانە بەم سێ جۆر بودجە بە سەتان پڕۆژە و بە دەیان و سەتان ملیار دینار پڕۆژەی رێگەوبان جێبەجێ دەكرێت، بەشێك لەو پڕۆژانە تەواو بوون و خراونەتە خزمەتی خەڵك و بەشێكیشیان هێشتا كاریان تێدا دەكرێت.
*لەو ساڵانەی ماوەی كاری كابینەی نۆ لە هەرسێ بوارەكە چەند پڕۆژە هەبووە؟
لەسەر بودجەی وەبەرهێنان 65 پڕۆژەی گەورە هەبووە، بودجەكەیان زیاتر لە 883 ملیار دینار بووە، لەسەر بودجەی ئاسایی 184 پڕۆژە جێبەجێ كراوە، بودجەی ئەو پڕۆژانە 17 ملیار و 149 ملیۆن دینار بووە، ئەو پڕۆژانەشی لەسەر داهاتی وێستگەكەكانی كێش كراون، ژمارەیان 191 پڕۆژە بووە و بودجەیان نزیكەی 12 ملیار دینار بووە، تێكڕا بە هەرسێ جۆرەكە زیاتر لە 912 ملیار دینار بودجە بۆ پڕۆژەكانی رێگەوبان تەرخان كراوە.
*ئەو پڕۆژانەی بودجەی وەبەرهێنان چۆن بەسەر شار و ناوچەكان دابەش كراون؟
لە هەولێر 25 پڕۆژە كە 465 ملیار دینار بودجەیان بووە، كۆی رێگەوبان بە كیلۆمەتر زیاتر لە 661 كیلۆمەتر بووە، لە سلێمانی 14 پڕۆژە و بودجەیان زیاتر لە 95 ملیار دینار بووە و درێژیی رێگەوبانەكان 288 كیلۆمەتر بووە، لە دهۆك 12 پرۆژە و بودجەكەی 283 ملیار دینار بووە و درێژیی رێگەوبانەكان 246 كیلۆمەتر بووە، لە هەڵەبجە 10 پڕۆژە هەبووە بە بودجەی نزیكەی ملیار و نیوێك دینار و درێژیی رێگەكان نزیكەی 82 كیلۆمەتر بووە، لە ئیدارەی راپەڕین دوو پڕۆژە بە بودجەی زیاتر لە 25 ملیار دینار، درێژیی رێگاكە نۆ كیلۆمەتر بووە، لە ئیدارەی گەرمیان دوو پڕۆژە بە بودجەی زیاتر لە 12 ملیار دینار، درێژیی رێگەكە زیاتر لە یەك كیلۆمەتر بووە، ئەمانە هەمووی لەو ماوەیەدا تەواو بوون.
*پڕۆژەكانی سەر بە بودجەی ئاسایی چەند و بودجەكەیان چەند بووە؟
لە هەولێر 43 پرۆژە و نزیكەی چوار ملیار دینار بودجەی بووە، ئیدارەی سۆران 19 پڕۆژە بە بودجەی زیاتر لە دوو ملیار دینار، سلێمانی 65 پڕۆژە بە بودجەی زیاتر لە هەشت ملیار دینار، ئیدارەی گەرمیان 21 پڕۆژە بە بودجەی نزیكەی ملیارێك دینار، ئیدارەی راپەڕین 26 پڕۆژە بە بودجەی زیاتر لە یەك ملیار دینار، دهۆك حەوت پڕۆژە بە بودجەی نزیكەی ملیارێك دینار، هەڵەبجە سێ پڕۆژە بە بودجەی 292 ملیۆن دینار، تێكڕا 184 پڕۆژە بووە و بودجەكەیان زیاتر لە 17 ملیار دینار بووە.
*پڕۆژەكانی سەر داهاتی وێستگەكانی كێش لەگەڵ بودجەكەیان چۆن دابەش كراون؟
هەولێر و ئیدارەی سۆران 91 پڕۆژە بە بودجەی نزیكەی چوار ملیار دینار، هەموو پارێزگای سلێمانی بە هەڵەبجەوە 65 پڕۆژە بووە بە بودجەی نزیكەی پێنج ملیار دینار، دهۆك 35 پڕۆژە بە بودجەی زیاتر لە سێ ملیار دینار بووە.
*حكوومەتی هەرێم لە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانەدا جیاوازی لەنێوان شارەكان كردووە؟
نەخێر، هەموو پارێزگا و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بێ جیاوازی پڕۆژەی رێگەوبانیان بۆ كراوە و دەكرێت.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی