كۆمەڵەی هونەرە جوانەكانی كورد مەڵبەندی گشتیان، بەهاوكاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بەشی چالاكی وێژە، رێوڕەسم و ناساندنی كتێبی "نۆڤلێتی حەبیبە" لە نووسینی نیهاد جامی بەڕێوە دەبەن.
كتێبەكە لەلایەن نووسەران شێرزاد حەسەن و دیمەن عەبدوڵا ڕانان و خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، حەمەسوار عەزیزیش كۆڕەكە بەڕێوە دەبات.
نۆڤلێتی "حەبیبە" كتێبێكی نوێی نیهاد جامییە، لەبارەی كتێبەكەوە پێشتر بۆ "وشە" نووسەر ئاماژەی بەوە كردبوو، ئەم نۆڤلێتە بەدرێژایی چوار ساڵ كارم تێدا كردووە، لەو ماوەدا وڵاتەكانم گۆڕیوە و دۆخی تەندروستیم خراپ بوو، ژیانم لە نەخۆشخانە بردووەتە سەر، بەڵام هەوڵم داوە بە بەردەوام كار لەم كتێبەدا بكەم.
نووسەر لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەشی گوتبوو، نۆڤلێتەكە گەڕانەوەی ژنێكە لەڕێی نووسینەوە بۆ ناو ژیان، ئەوە گەڕانەوەی بەهای كتێبە بۆ ژیان، ئەوانە ئەوینداری كتێبن، بێ ئەوەی بۆیان گرنگ بێت دوای مردنیان چی ڕوو دەدات، ئاخۆ سەرنج و یاداشتەكانیان شایستەی ئەوەن بخوێنرێنەوە؟ كتێب چۆن مرۆڤ لە كەسێكی ئاسایی ناو بازاڕ دەگۆڕێت بۆ مرۆڤێكی بیركەرەوەی ناو كتێب؟ ڕەنگە تۆ ئەوە بە خەیاڵ بزانیت، بەڵام بۆ مرۆڤێك كە نهێنیی ژیان بەرەو كتێبی دەبات، سادەترین حەقیقەتە.
لەبارەی نۆڤلێتەكەوە شێرزاد حەسەن دەنووسێت، شاكارەكەت "حەبیبە" دەستخۆش و پیرۆزە و ترۆپكی داهێنانە و هەر ئەو ئەندێشە و خەلاقییەتەم لە ئێوە چاوەڕوان كردووە، ترۆپكی داهێنانی تۆ پێوەست بە ژانری نۆڤلێت ئاسان نییە و تێكنیك و ئەندێشەی سەرووتری گەرەكە.