بۆچی هەژار زیاتر لە دەوڵەمەند بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنێت؟

:: PM:07:31:02/07/2024 ‌

دەكرێ ئەو پرسیارە بە شێوەیەكی تر بكرێت، بۆچی هەندێكجار هەژاران قەڵەون، واتە كەسانێك بەهۆی هەژارییەوە قەڵەو دەبن، لەوكاتەی دەبێت پێچەوانەی ئەوە بێت، بەتایبەتی كە خۆراكی جۆراوجۆر بە بڕی كراوە بۆ دەوڵەمەند رەخساوە و هەژار ناتوانێت ئەوانە فەراهەم بكات، بەتایبەتی ئەگەر خێزاندار و خاوەن منداڵی زۆر بێت.

راستییەكەی قەڵەوی ئاماژەیەكی باش نییە و زۆرجار نەخۆشییە و كار لە ژیانی رۆژانەی خەڵك و تووشبوونیان بە نەخۆشی دەكات و تەمەن كورت دەكات، هۆكاری زۆرە وەك بۆماوە و ژینگە و ئاستی رۆشنبیری و هۆشیاری و ئارامیی كۆمەڵایەتی و دەروونی، پاتریشیا ئاغیری، زانای ئەنسرۆپۆلۆجیای ئەرجەنتینی دەڵێت، لە 30 ساڵی دوایی بۆشایی نێوان دەوڵەمەند و هەژاران سەبارەت بەو خۆراكەی دەیخۆن زیاتر بووە، پێشتر هەموویان هەمان شتیان خواردووە، بەڵام دواتر خێزانە دەوڵەمەندەكان هەلی خواردنی زیاتر و باشتریان بۆ فەراهەم بووە، وەك ئەوەی مارتن كاراهر شارەزای سیاسەتەكانی خۆراك و تەندروستی دەڵێت، ئێمە لەسەر بنەمای داهات و تواناكانمان خۆراك هەڵدەبژێرین.

بۆیە لە ئەنجامی ئەوانەی باس كران هەژاران كەمجار دەتوانن خۆراكی گرانبەها و تەندروست بەدەست بێنن، لەوانە گۆشتی بێچەوری و هیتریش، لە بری ئەوە پەنا بۆ خواردنی نان و شەكر و خۆراكە چەورە تێرەكان دەبەن، بۆیە نرخی خۆراكەكان ئەو جیاوازییە دروست دەكات، زۆرجار دەوڵەمەند ئامادەیە پارەی زیاتر بۆ خۆ بەدوورگرتن لە خۆراكی دروستكراو بدات، بڕی كەمتری گۆشتی زیانبەخش و ناتەندروست دەخوات، واتە هەموو گۆشتێك ناخوات، زۆر میوە و سەوزەی فرێش دەخوات، كاتی زیاتر بۆ وەرزشكردن تەرخان دەكا خۆی لە زۆر ماندووبوون دەپارێزێت و گرنگی بە تەندروستی خۆی دەدات، هاوكات خۆی لە خواردنی هەرزانبەها دەپارێزێ و بەدوای رێكلامی خۆراكەكان ناكەوێت.

لە بەرانبەردا هەژار كە رەنگە كاری قورس بكات و لە شەقام خواردن بخوات یان خواردنی لەقوتوونراو و خێرا بخوات، بێ گوێدانە بەهای خۆراكی و تەندروستی و پاكی، بەوەش ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشی هەیە، بەهۆی سنوورداریی داهاتیش خۆراكی هەرزانبەها دەكڕێ بێ گوێدانە تەندروستی، وەرزش ناكات و خۆی لە پشكنینی پزیشكی بەدوور دەگرێ و زیاتر تووشی سترێس و كێشەی خەو دەبێتەوە، بۆیە ئەوانە دەبنە هۆی زیادبوونی كێش و قەڵەوی، بە كورتی خراپی و بێ كوالێتیی خۆراك و كەمیی زانیاری و گرنگیدان دەبنە هۆكاری قەڵەوی هەژاران. 

لەوكاتەی قەڵەوی كێشەیەكی تەندروستی و جەستەییە، بەڵام كێشەیەكی كۆمەڵایەتییە و پێوەندیدارە بە بێكاری و هەژاری و نزمیی ئاستی فێركردن و تووشبوون بە رارایی و خەمۆكی نەمانی یەكگرتوویی كۆمەڵایەتی، ئەوەش پێویست بە گۆڕینی سیاسەتەكانی كۆمەڵایەتی و ئابووری دەكات بۆ رێگرتن لە تەشنەكردنی زیاتری كێشەكە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل