شێرپەنجە نەخۆشییەكی مەترسیدارە و هۆكاری سەرەكیی دیار نییە و چارەسەری بنبڕی كەمە، زۆرجار لەسەر پاكەتی جگەرە دەنووسرێت كە هۆكارێكە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە، یان باسی زۆرخواردنەوەی مادە كحولییەكان دەكرێت، ئەوانە زیان لە ترشی ناوەكی خانە دەگەیەنن و سیستمی بەرگریی لەش لاواز دەكەن و ژینگەیەكی لەبار بۆ گەشەی خانە و لووە شێرپەنجەییەكان دروست دەكەن، توێژینەوەیەكی نوێ باسی هۆكارێكی تر دەكات.
توێژینەوەیەكی نوێ باسی ئەوە دەكات كاتێك مرۆڤ تووشی رووداوێكی بەهێزی ناخۆش و بەئازار دەبێتەوە، لەوانە جیابوونەوە یان لەدەستدانی كەسێكی خۆشەویست یان تووشبوونی بەركەوتنێكی توند، كە هەموویان كاریگەریی گەورەیان لەسەر مرۆڤ هەیە و ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاتر دەكەن.
لە توێژینەوەیەك لە 2019 كە زیاتر لە 54 هەزار ژنی گرتەوە، دەركەوت ئەو ژنانەی تووشی رووداوێكی بەهێز و گەورە بوونە، وەك رووداوی ئۆتۆمبێل یان دەستدرێژی و دوای ئەوە تووشی نیشانەكانی دوای شۆكبوون و شەكەتیی دەروونی هاتوونەتەوە، مەترسیی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی هێلكەدان دووهێند زیادی كردووە.
لە توێژینەوەیەكی تر لە 2022 كە 278 نەخۆشی گرتەوە، دەركەوت ئەوانەی تووشبوونیان بە جۆرەكانی شێرپەنجە دەست نیشان كراوە، بەر لە پێنج ساڵ لەو دەستنیشانكردنە دووچاری رووداوێكی گەورە و كاریگەر بوونە، لەگەڵ ئەوەش توێژینەوەی تر ئەوەیان نەسەلماندووە، واتە پێوەندییەكی بەهێز لە نێوان شەكەتیی دەروونی و تووشبوون بە شێرپەنجە بەهێز نییە.
د. لۆرینزۆ كوهین، بەڕێوەبەری پرۆگرامی پزیشكیی تەواوكاری لە " MD Anderson"، دەڵێت، دەكرێ ئەو جۆرە رووداوانە كاریگەریی بەهێزیان لەسەر شێوازی كاركردنی سیستمەكانی لەش هەبێت، شەكەتیی دەروونی وا دەكات لەش ئامادەیی زیاتری بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە هەبێت، بەو پێیەی بەرگریی لەش دژی شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی تر پەك دەخات، بۆیە شەكەتی درێژخایەن گۆڕانكاریی لە خانەكانی لەش دروست دەكا و لە كۆتاییەكەی دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە.
د. ئانیل سوود، مامۆستای زانستی لووەكان لە ژنان و پزیشكیی كۆئەندامی زاوزێ دەڵێت، ئەگەر دوای رووداوەكان نەتوانیت بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ خۆت هێور بكەیتەوە، كار لە لەشت دەكا و سیستمی بەرگریی لەش لاواز دەكات، كێشە لە كۆئەندامی هەرس دروست دەبێت و گەشەكردنی شێرپەنجە ئاسان دەكات، ئەگەریش مرۆڤ شتی تری لەگەڵ بكات، وەك جگەرەكێشان و زۆرخواردنەوەی مادە كحولییەكان و وازهێنان لە وەرزشكردن، ئەوانە وا دەكەن مەترسیی تووشبوون زیاتر بن.